مەسرور بارزانی: كوردستان دەبێتە سەرچاوەی دابینكردنی وزە بۆ جیهان


مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت "داهاتووی هەرێم لەسەر وزە بنیات دەنێن و كوردستان دەبێتە سەرچاوەیەكی گەورەی دابینكردنی وزە، بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵیش نابێتە ڕێگر لەبەردەم كارەكانمان".

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆڕبەندی وزەی جیهانی ئەنجومەنی ئەتلانتیك لە شاری دوبەی ڕایگەیاند "سوورین لەسەر ئەوەی كوردستان بخەینە سەر سەكۆی وزەی نێودەوڵەتی و سەرچاوەكانی وزەی هەرێم هیوابەخشن، دڵنیام لەوەی لە داهاتوویەكی نزیكدا هەرێمی كوردستان دەبێتە سەرچاوەیەكی گەورەی دابینكردنی وزە و داهاتوومان لەسەر وزە بنیاد دەنێین و ئامانجمانە ببینە سەرچاوەیەكی گرنگی دابینكردنی وزەی گاز لە جیهاندا و خواستی عێراق و توركیا و جیهان پڕبكەینەوە."   

مەسرور بارزانی وتی "بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی لەبارەی نەوت و گازی هەرێم نادەستورییە و ئامانج لێێ ئاستەنگی دروستكردنە بۆ ئەو وەبەرهێنانانەی لە كەرتی گازی هەرێمدا دەیكەین".   

سەرۆكی حكومەتی هەرێم وتیشی "دەمەوێت دڵنیاتان بكەمەوە بریارەكەی دادگای فیدڕاڵی نابێتە ڕێگر لەبەردەم وەبەرهێنان لە كەرتی گازی هەرێم و ئەو لایەنانەی دەیانەوێت بێن و كارمان لەگەڵدا بكەن."   



PM:03:22:28/03/2022