لەبارەی چارەنووسی سێ گەنجە بێسەروشوێنبووەکەی ماوەت ڕوونکردنەوە دەدرێت

پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (پژاك) لە بڵاوکراوەیەکدا رەتیدەكاتەوە ئەو سێ گەنجەی لە قەزای ماوەت خنكان لای ئەوان بێت، دەشڵێت" لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر خەت بوین بە مەبەستی هاوکاری پێویست بۆ گەڕان و دۆزینەوەی جەستەی ئەو گەنجانە". 

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان – پژاک لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" بە داخ و پەژارەیێکی زۆرەوە لە رێکەوتی ٢١ی ئازاری ٢٠٢٢ سێ گەنجی ناوچەی شارباژێڕ بە مەبەستی گەشت و سەیران دەچنە سەر چەمی خەمەلۆکە لە سنووری قەزای ماوەت، بەڵام زۆر بە داخەوە ئەکەونە ناو ئاوەکە و تا ئێستاش نەدۆزراوەنەوە، بۆ روودانی ئەم کارەساتە خەفەتبارە هاوخەمی خانەوادە و کەسوو کاری ئەو گەنجانەین و هیوادارین دوایین خەم و ناخۆشییان بێت". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە رۆژی یەکەمی رووداوەکە ئێمە وەک پارتی ژیانی ئازادی کوردستان – پژاک بە ئەرکی خۆمان زانیوە و بە هەستی بەرپرسیارانەوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر خەت بووین بە مەبەستی هاوکاری پێویست بۆ گەڕان و دۆزینەوەی جەستەی ئەو گەنجانە لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە بە هێزەکانی خۆمان لەو ناوچانە راگەیاندووە کە لە گەڕان و دۆزینەوەی تەرمەکانیان یارمەتیدەر بن و بە دۆزینەوەی بچووکترین سەرەداو لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگادار بکەنەوە. 

ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەمە لە حاڵێکدایە هەندێک لایەن بە مەبەستی تەشهیرکردن و ناو زڕاندان و رەش کردنی پژاک لە ناوچەکە دەستیان داوەتە بڵاوکردنەوەی هەواڵی دوور لە راستی و ئەخلاق و ئینسانیەت و بەو کارەشیان بە هەستی خانەوادە و کەسووکاری ئەو گەنجانە یاری دەکەن و زۆر بە بە نائەخلاقی رای کۆمەڵگا بە ئاراستەیێکی خراپدا دەبەن. 

پژاک دەشڵێت" هەر بۆیە بە پێویستمان زانی سەرەتا بۆ خانەوادە و کەسووکاری ئەو گەنجانە دواتر بۆ رای گشتی کۆمەڵگە روونکردنەوە سەبارەت بەو رووداوە بدەین و ئاگادارتان بکەینەوە کە بڵاوبوونەوەی هەواڵی ئەوەی کە ئەو کەسانە لای ئێمە بن دوورە لە راستی و هیچ بنەمایەکی نییە و لێرەشەوە دڵنیاتان دەکەینەوە  کە ئێمەش هاوخەم و دڵنیگەرانی ئەو کارەساتەین و هیوادارین بە زووترین کات تەرمەکانیان بدۆزرێتەوە و ئەم چاوەڕوانیە کۆتایی پێ بێت". 


PM:01:38:29/03/2022