مەسرور بارزانی: هێرشە مووشەکییەکەی ئێران پاساوهێنانەوەیە بۆ پرۆسەی پێکنەهێنانی حکومەت لە بەغداد

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت" هێرشە مووشەکییەکەی ناوەڕاستی ئەم مانگەی ئێران بۆ سەر شاری هەولێر پاساوهێنانەوەیە بۆ پرۆسەی پێکنەهێنانی حکومەت لە بەغداد". 

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتى هەرێمی کوردستان لەمیانى بەشداریى کردنى لە کۆڕبەندى وزە لە دوبەى، رایگەیاند" بیانوی هێرشە موشەکییەکەی سەر هەولێر بێ بنەمان، عێراق لەسەروبەندی پێکهێنانی حکومەتی نوێدایە و ئێمەش بەشێکین لە هاوپەیمانییەک کە بە دڵی ئێران نیە، بۆیە هێرشە موشەکییەکە فشارێکی سیاسییە بۆ ئەوەی ئێمە لەو هاوپەیمانییە بکشێینەوە، چونکە ئێران باوەڕی وایە ئەگەر ئەو هاوپەیمانییە حکومەت پێکبهێنێت، ئەو هەژمونەی نامێنێت کە ساڵانی رابردو لە عێراق هەیبووە". 

ئەوەشی خستەڕوو، داوامانكردووه‌ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كى نێوده‌وڵه‌تى بكرێت‌ و ته‌نانه‌ت داوامان له‌ ئێرانیش كردووه‌ خۆیان بێن‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ بكه‌ن، به‌ڵام له‌ بنه‌مادا ئه‌مه‌ بیانوه‌ و هه‌وڵێكه‌ بۆ فشارخستنه‌ سه‌ر ئێمه‌ و زیاتریش فشارى سیاسییه‌ له‌سه‌ر ئه‌و هاوپه‌یمانێتیه‌ى ئێمه‌ به‌شدارین تێیدا له‌ عێراق. 

مەسرور بارزانی باسی لەوەشکرد، خاڵێکی دیکەی هێرشەکە پەیوەندی بە پلانی هەرێمەوە هەبووە بۆ هەناردەکردنی غازی سروشتی بۆ دەرەوەی وڵات، چونکە ئەو هەنگاوە لە بەرژەوەندی ئێراندا نییە. 


PM:02:03:29/03/2022