شاسوار عەبدولواحید بۆ دانیشتنی سبەینێی سەرۆك كۆمار بڕیاریدا


شاسوار عەبدولواحید رایدەگەیەنێت "سبەینێ پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ ناچنە كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراقەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، ئەگەر لانی كەمی ئەو 17 خاڵەی پێشكەشیان كردووە جێبەجێ نەكرێن".  

شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە پەیامێكی ڤیدیۆییدا رایگەیاند "ئەو خاڵانەی پێشكەشیان كردووە هێشتا جیبەجێنەكراون، بۆیە ئەگەر چەند خاڵێكی لەناویاندا دابەزاندنی نرخی بەنزین جێبەجێ نەكرێن، بەشداری كۆبوونەوەكە ناكەین".  

بڕیارە سبەینێ پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار كۆبێتەوە، دوای ئەوەی شەممەی رابردوو بەهۆی تەواونەبوونی رێژەی یاسایی ئەندامانییەوە نەیتوانی كۆبێتەوە و سەرۆك هەڵبژێرێت.    

لەكۆبوونەوەی رۆژی شەممەدا فراكسیۆنی نەوەی نوێ چونە ژورەوە تا رێژەی یاسایی ئەندامان تەواو بێت بۆ ئەوەی كۆبوونەوەكە بكرێت، بەرانبەر یاداشتێكی 17 خاڵی كە بەڵێنی جێبەجێكردنیان پێدرابوو.  




PM:07:42:29/03/2022