پۆلیسی سلێمانی: چوار کەس بە تۆمەتی دەستدرێژیکردنە سەر ژنێک دەستگیرکران

پۆلیسی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت" لە دوو چالاكی جیادا شەش هاوڵاتی دەستگیركران كە دوانیان تەقەیان لە کەسێک كرد بوو، چواریشیان لەسەر سكاڵای ژنێك دەستگیركراون كە دەستدرێژیان كردبووە سەری". 

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە" دوای ئەوەی ژنێك سكاڵای تۆماركرد لەسەر چەند كەسێك كە دەستدرێژییان كردۆتە سەر، لەلایەن بنكەی پۆلیسی بەكرەجۆوە توانرا چوار کەس دەستگیر بكرێت، كە یەكێك لە تۆمەتبارەكان ژنەكەیان هەڵخەڵەتاندووە و بردویانە بۆ باخێك لە سنوری بەكرەجۆ و لەوێ تۆمەتباران دەستدرێژییان كردۆتەسەر.

ئاماژەى بەوەشکردووە، لە ئێستادا تۆمەتباران (ر ، ف ، ح لەدایكبووی ١٩٩٤)،(ه ، م ، ع لە دایكبووی ١٩٩٤)،(أ ، ف ، ر لە دایكبووی ١٩٨٨)،(ب ، ص ، م لەدایكبووی ١٩٨٨) بە بڕیاری دادوەر ڕاگیراون و لێكۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە.

پۆلیسى سلێمانى ئەوەشی خستەڕوو، لە چالاكییەكی ترداو دوای ئەوەی هاوڵاتییەك لە لایەن دوو تۆمەتبارەوە لە سنوری گەڕەكی بەكرەجۆ بە فیشەك بریندار كرا، هێزەكانی بنكەی پۆلیسی بەكرەجۆ و ئاسایشی سلێمانی لێكۆڵینەوەكانیان دەستپێكردوو توانرا هەردوو تۆمەتبارەكە بدۆزرێنەوە و دەستگیربكرێن.

دەشڵێت" لەئێستادا تۆمەتباران بە بڕیاری دادوەر ڕاگیراوان و لێكۆڵینەوە لە گەڵیان بەردەوامە". 


PM:12:46:04/04/2022