وەزیری تەندروستی هەرێم دەربارەی نەمانی دەرمان لە سلێمانی ڕوونکردنەوە دەدات

وه‌زیری ته‌ندروستی هه‌رێم ڕایدەگەیەنێت" هۆكاری سه‌ره‌كی نه‌بوونی ده‌رمان له‌ سنوری پارێزگای سلێمانی بۆ نه‌بوونی پاره‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌". 

سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە ٥ی نیسانی ٢٠٢٢ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی هەموو ئەرکەکانی لەبارەی کڕینی دەرمان بەبێ کەموڕی جێبەجێکردووە، بەڵام خەرجکردنی چەکی پارەکان لە دەسەڵاتی وەزارەتی تەندروستیدا نییە و دەبێت وەزارەتی دارایی لەگەڵ کۆمپانیاکاندا یەکلایی بکاتەوە". 

ئەوەشی خستەڕوو، لیژنەیەک لە نێوان هەردوو وەزارەتی تەندروستی و دارایی پێکهێندراوە و سەردانی سلێمانی دەکەن، بۆ ئەوەی گرفتی کەمی دەرمان لە پارێزگاکەدا چارەسەر بکەن. 

وتیشی" حکوومەتی هەرێم پارەی پێویستی بۆ تەندروستی سلێمانی تەرخان کردووە، بەڵام پارە لە بانکەکان نییە تا بۆ دەرمان خەرج بکرێت".

ئاشکراشیکرد، مانگانە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا یەک ملیار و دووسەد ملیۆن دینار و بۆ کڕینی دەرمان دوو ملیار و ٢٥٠ ملیۆن دینار و ٤٥٠ ملیۆن دینار بۆ نەخۆشخانەی دڵ لە سلێمانی و ٧٠٠ ملیۆن دینار بۆ نەخۆشخانەی هیوا خەرج دەکرێت، کە کۆی گشتی نزیكەی چوار ملیار دینارە، جگە لە مووچەی کارمەندان و کرێی کارەبا و خەرجی سووتەمەنی ئۆتۆمبێلەکان. 


PM:03:15:05/04/2022