ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجومەنی وەزیران بەسەرپەرشتی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران کۆدەبێتەوە، لە کۆبوونەوەکەدا چەند پرسێک تاوتوێ دەکرێت.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوکردەوە، ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت، ئەنجام دەدات.
لە کۆبوونەوەکەدا ئەم بابەتانەی خوارەوە تاوتوێ دەکرێت:
پوختەی ئەنجامی بەشداریی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستانە لە هەردوو کۆڕبەندی جیهانی بۆ وزە و ئەو کۆبوونەوانەی لە پەراوێزی کۆڕبەندەکاندا لە میرنشینی عەرەبی یەکگرتوو ئەنجام دران.
بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە خستنەڕووی کۆنووسی کۆبوونەوەی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی تایبەت بە ئامادەسازی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لێکەوتە ئابوورییە چاوەڕوانکراوەکانی جەنگی ڕوسیا - ئۆکڕانیا.
ھەر لە کۆبوونەوکەدا گفتوگۆ دەکرێت لەبارەی ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای (مشروع قانون الدعم الطاریء للأمن الغذائي والتنمیة) کە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی فیدڕاڵەوە ئاراستەی ئەنجومەنی نوێنەران کراوە بۆ تەشریعکردنی و لە ھەمان کاتیشدا گفتوگۆ دەکرێت لەسەر بابەتی ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجەی عێراقی فیدراڵ بۆ ساڵی دارایی ٢٠٢٢.
بەشی کۆتایی کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە خستنەڕووی ئەنجامی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (٧٦)ی ٢٠٢٠/١٠/٧ کە تایبەتە بە میکانیزمی جێبەجێکردنی هەردوو ماددەی (٩) و (١٠) لە یاسای ژمارە (٢)ی ساڵی ٢٠٢٠ تایبەت بە چاکسازی لە مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکان و خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان - عێراق.