فراکسیۆنی یەکێتی: پێویستە یاسای هەڵبژاردن بە سازان هەمواربكرێتەوە

فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان جەخت لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە کاتی خۆی دەکاتەوە و دەلێت" پێویستە یاسای هەڵبژاردن بە سازان هەمواربكرێتەوە".

زیاد جەبار سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" تۆماری دەنگدەران پوخت و بێگەرد نییە و پێویستە یاسای هەڵبژاردن بە سازان هەمواربكرێتەوە و هەمووان نەرمی بنوێنن و لە بەشێك لە داواكارییەكانیان خۆش بن".

وتیشی" بە ئەزموون بۆمان دەرکەوتووە کە یەک بازنەیی هاوسەنگی ناپارێزێت لە نێوان نوێنەرایەتی ناوچەکاندا بۆیە داوای فرە بازنەیی دەكەین".

باسی لەوەشکرد، دەمانەوێت پێکهاتەکان نوێنەری راستەقینەی خۆیان هەبێت، نەک نوێنەری حزبە سیاسییەکان بێت و پارتی و یەکێتی نوێنەریان بۆ دابنێت. 

ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر هەموو هێزەکان لەسەر یەک بەرنامە و یاسا رێکبکەوین و هێزێك دژی ئەو رێککەوتنە بێت، ئەوا دیارە ئەو هێزە نایەوێت هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت، بۆیە ئێمە وەک یەکێتی دەمانەوێت هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت و هیچ هێزێک رامان ناگرێت لە بەدیهێنانی ئەو ئامانجەی کە هەمانە. 

دوێنێ زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا باسی لەوەکردبوو، دەبێت برادەرانی یەكێتی بزانن، نە هەولێر بەغدایە و نە پەرلەمانی كوردستانیش پەرلەمانی عێراقە تا بتوانن بە یەك لەسەر سێی پەكخەر، پەرلەمان پەك بخەن، ئێمە ڤیتۆمان نییە لەسەر هیچ پڕۆژەیەك بۆ هەموارەكانی یاسا و كۆمسیۆن، بەڵام ئەگەر ئەم هەڵسوكەوتانە بەردەوام بن، ئێمەش زۆرینە بەكاردەهێنین بۆ هەموارەكان. 


PM:01:43:06/04/2022