ملیارێك و ٤٠٠ ملیۆن و دینار بۆ چەند پرۆژه‌یەکی هه‌ولێر ته‌رخان کرا

پارێزگای هەولێر ڕایدەگەیەنێت" حكومه‌تی هه‌رێم، زیاتر لە یه‌ك ملیار و چوارسەد ملیۆن دینار، بۆ چاککردنەوە و قیرتاوکردنى شەقامە ناوخۆییەکانى (سیمى خاتووناوە، شارى کۆیە، گوندەکانى عەزە و شیلە و کانى ڕەش) تەرخانکرد". 

نوسینگه‌ی پارێزگای هه‌ولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویكرده‌وه‌، بە بڕیارى مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، ڕەزامەندی درا بە خەرجکردنى بڕى یەک ملیار و چوار سەد و سی ملیۆن و دوو سەد و نۆوەد هەزار و دووسەد و چل دینار، بەشێوەى نەختینە و قۆناغ لەسەر بودجەى پەرەپێدانى پارێزگاى هەولێر بۆ جێبەجێکردنى ئەم پڕۆژانە.

پرۆژه‌كان بریتین لە:

یەکەم/ قیرتاوکردنى شەقامە ناوخۆییەکانى گەڕەکى سیمى خاتووناوە، بەگوژمەى شەش سەد و حەفت و شەش ملیۆن و دوو سەد و هەشتا هەزار دینار.

دووەم/ چاککردنەوە و قیرتاوکردنى شەقامە ناوخۆییەکانى شارى کۆیە، بە گوژمەى دووسەد و بیست و یەک ملیۆن و حەفت سەد و هەژدە هەزار دینار.

سێیەم/ دروستكردن و قیرتاوكردنى چه‌ند شه‌قامێكى ناوخۆیی له‌گوندى عەزە، بەگوژمەى سێ سەد و سى و سێ ملیۆن و حەفت سەد و دە هەزار و سێ سەد دینار.

چوارەم/ قيرتاوكردنى ڕێگاى گوندەکانى (شیلە و کانى ڕەش) بەگوژمەى سەد و نۆەت و هەشت ملیۆن و پێنج سەد و هەشتاو یەک هەزار و نۆسەد و چل دینار.


PM:04:06:09/04/2022