بڕی پێدانی کارەبای جوتیاران زیاد دەکرێت

وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێم ئاشکرایکرد، بڕی پێدانی کارەبای جوتیاران لە هەرێم زیاد دەکات.

ئەمڕۆ دووشەممە ١١ی نیسان، حکومەتی هەرێم راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە، دوابەدوای بەدواداچونی بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێم، پەیوەندی راستەوخۆی لەگەڵ وەزیری کارەبا و پارێزگارەکان کرد و بە نوسراوی فەرمی ئاگاداری کردنەوە کە پێویستە بڕی پێدانی وزەی کارەبا بۆ بیرەکانی ئاوداشتنی کشتوکاڵی زیاد بکرێت.

هەر لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، بەهۆی کەمی رێژەی باران بارین و پارێزگاری لە بەرهەمی دانەوێلە و بەروبوومە کشتوکاڵییەکان لە هەرێمی کوردستان جوتیاران بیرەکانی ئاوی کشتوکاڵی بەکاردەهێنن بۆ مەبەستی ئاوداشتنی دانەوێلە گەنم و جۆ و پەتاتە، وتیشی " بۆ ئەم مەبەستە جوتیاران پێویستیان بە زیادکردنی رێژەی کارەبا هەیە".

 

راگەیەنراوەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ تیدا هاتووە "داواکاریەکە پەسندکرا، بۆ ئەم مەبەستەش جوتیاران ئاگادار دەکەینەوە کە بۆ لەمەودوا بڕی پێویستی وزەی کارەبا زیاد دەکرێت بۆ ئەوەی بەرهەمەکانیان لە وشک بوون و لە ناوچوون بپارێزرێت".



PM:02:44:11/04/2022