پەرلەمانتارێک: نەخۆشخانەكانی كەرتی گشتی بە ناچاری روویان لە دەرمانی قاچاخ كردووە

ئەندامێکی لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی کوردستان هۆکاری سەرەکی کەمی دەرمان لە پارێزگاکان ئاشکرا دەکات و دەڵێت" نەخۆشخانەكانی كەرتی گشتی بە ناچاری رویان لە دەرمانی قاچاخ كردوە بە بیانوی ئەوەی حكومەت ناتوانێت دەرمان دابین بكات". 

شنۆ ئەشقی سوورچی، ئەندامی لیژنەی تەندروستی پەرلەمانی کوردستان لە لێدوانێکدا بە میدیاکانی ڕاگەیاند" لە ماوەی ئەو سێ ساڵەی کە وەزیری تەندروستی بە نایاسایی سندوقی کۆمەک بۆ تووشبووانی شێرپەنجەی بەڕێوەبردووە، سندوقەکە نزیکەی (٧٠) ملیار دینار قەرزدارە، کە شایستەی دارایی کۆمپانیاکانی دەرمانە و نەکراوە بە چەک". 

ئەوەشی خستەڕوو، ساڵ لە دوای ساڵ خەرجی سندوقەکە زیادیکردووە، بە جۆرێک لە (٢٠١٩)دا داھاتی سندوقەکە ٢٣ ملیار دینار و خەرجیەکەی ٤٠ ملیار دینار بووە، لە (٢٠٢٠)یش داھاتەکەی ٣٦ ملیار دینار و خەرجیەکەی ٧٠ ملیار دینار، لە ٢٠٢١یش داھاتی سندوقە حەوت ملیار دینار و خەرجیەکەی ٤٣ ملیار دینار بووە.

راشیگەیاند" وەزیری تەندروستی بودجەی ساڵانەی بۆ پڕۆژەکان، لەسەر داھاتی سندوقی کۆمەک بۆ تووشبووانی شێرپەنجە پەسەند نەکردووە، بەو ھۆیەوە نەخۆشخانە گشتییەکان تووشی کەمی دەرمان و پێداویستی پزیشکی بوون و ھاووڵاتیان ناچارن روو لە نەخۆشخانە تایبەتەکان بکەن، نەخۆشخانە گشتیەکانیش بە ناچاری روو لە دەرمانی قاچاغ بکەن، بە جۆرێک قاچاغچی دەرمان بە ڕۆژی ڕوناک بۆ نەخۆشخانە گشتیەکان دابین دەکرێت بە بیانووی ئەوەی حکومەت ناتوانێ دابینی بکات".


AM:11:06:16/04/2022