حکومەتی هەرێم باجی گومرگی لەسەر (١٠) بەرهەم و پێداویستی خۆراکی هەڵگرت

بە مەبەستی رێگریکردن لە گرانبوونی نرخی بەرهەمە خۆراکییەکان و هەرزانکردنی لە بازاڕەکان، حکومەتی هەرێم بڕیاریدا باجی گومرگی بۆ ماوەی دوو مانگ لەسەر (١٠) بەرهەم و پێداویستی خۆراکی هەڵبگرێت.

بەپێی نووسراوێکی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە واژۆی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوتی لەسەرە تیایدا هاتووە، بە مەبەستی رووبەڕووبوونەوەی هەر قەیرانێکی چاوەڕواننەکراو لە بواری بەرهەم و پێداویستییە خۆراکییە سەرەکییەکان بەهۆی جەنگی نێوان روسیا و ئۆکرانیاوە و رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و خۆراکەکان ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا، پێسنیارەکەی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان سەبارەت بە هەڵگرتنی باجی گومرگ بۆ ماوەی دوو مانگ لەسەر چەند بەرهەمێکی خۆراکی پەسەند بکات، کە بەرهەمە خۆراکییەکان بریتیین لەمانە:

-ئارد

- برنج

-زەیتی گوڵەبەڕۆژە

-زەیتی گەنمەشامی

- رۆنی حەیوانی بەستوو

- چای رەش

- شەکر

- پاقلەمەنی وشک وەک ( نۆک، نیسک، پاقلە، لۆبیا، فاسۆلیا، ماش)

- هەموو جۆرەکانی شیری منداڵ

ئەوەشخراوەتەڕوو، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریداوە بە دواخستنی وەرگرتنی باج لە بازرگانانی هاوردەکاری بەرهەمە خۆراکییەکان، هەروەها بڕیاری جێبەجێکردنی پرۆژەی رۆژژمێری کشتوکاڵیداوە بە رەچاوکردنی ئەو بەرهەمە خۆراکییەکانی کە باج لەسەریان هەڵگیراوە. 

ئەوەش هاتووە" حکومەتی هەرێم بڕیاری ئاسانکاری و کەمکردنەوەی رۆتینی لەلایەن وەزارەتی تەندروستی بۆ ئەو بەرهەمە خۆراکییانەی باجیان لەسەر هەڵگیراوە پەسەندکردووە، هەروەها پێداچوونەوە بۆ رێککارە پێشنیازکراوەکانی سەبارەت بە بەرهەمە خۆراکییە باج لەسەر هەڵگیراوەکان دەکرێت پاش دوو مانگ لە جێبەجێکردنیان".


PM:01:45:16/04/2022