هەڵوێستی کۆماری عێراق لەسەر هێرشەکانی تورکیا بۆسەر هەرێم

وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاشکرایکرد، حکومەتی عێراقی بەهەموو جۆرێک ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا لە هەرێم رەتدەکاتەوە و بە پێشێلکردنی سەروەری عێراق و رەفتاری پێچەوانی مامەڵەی باشی بنەمای دراوسێیەتی دەزانێت.


وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەحمەد سەحاف راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، کۆماری عێراق بەهەموو شێوەیەک ئۆپراسیۆنە سەربازییەکەی تورکیا لە هەرێم رەتدەکاتەوە و بەتوندی سەرکۆنەی دەکات، دەڵێت بۆردومان کردنی ناوچەکانی مەتین و ئاڤاشین و باسیان و زاب لە هەرێمی کورستان لە رێگەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئاتاکەوە سەرکۆنە دەکات، عێراق ئەم کردەیە بە پێشێلکردنی سەروەری و رێزی وڵات دادەنێت و هاوکات، پێچەوانەی بەڵگەنامە و یاسا نێودەوڵەتییەکان کە پەیوەندی نێوان وڵاتان رێکدەخات.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، ئەم هەنگاوەی تورکیا پێچەوانەیە لەگەڵ بنەمای باش مامەڵەکردنی وڵاتانی دراوسێ کە پێویست دەکات پێکەوە بە هاوبەشی کاربەکەن لە بواری ئەمنییدا بە ئامانجی خزمەتکردنی هەردوولا و دەبێت لەمەشدا پێداگری بکەن.

لەبەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی عێراقدا هاتووە، حکومەتی عێراقی هەرگیز رێگەنادات خاکەکەی ببێتە پەناگە و رێڕەوی هیچ زیانگەیاندنێک بە هیچ کام لە دەوڵەتەکانی دراوسێی، هەروەک چۆن رەتیدەکاتەوە خاکەکەشی بکرێتە مەیدانی ململانێکان و یەکلایی کردنەوەی کێشەی لایەنەکان.

دوێنێ وەزارەتی بەرگری تورکیا دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنەکانی "کلیل چنگ"ی لە هەرێمی کوردستان دەستپێکرد و بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە جۆری ئاتاک ناوچەکانی شێلادزێ و مەتین و ئاڤاشین و زابی بۆردوومان کرد و  دەشڵێت، تا دوا ئامانجی پلان بۆدانراوی خۆیان بەگوێرەی پلانی ستراتیجی سەربازییان لە ئۆپراسیۆنەکانیان بەردەوام دەبن.



AM:10:47:19/04/2022