"تورکیا شکستی هێناوە لە ڕێگای دابەزاندنی سەربازەوە لە زنجیرە چیای کۆروژارۆ"

هەپەگە دوایین زانیارییەکان لە چیای کوڕۆژارۆ لە هەرێمی زاپ ئاشکرا دەکات و دەڵێت" هێزەکانمان شکستیان بە هەوڵێکى دابەزاندنى سەرباز لە فڕۆکە لە چیای کوڕۆژارۆ هێناوە و کوژراو لە سوپای دەوڵەتی تورکیا هەیە و هێزەکەش پاشەکشەى کردوە". 

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) لە لێدوانێکدا بە ماڵپەڕی (سپی) ڕاگەیاند" سوپای تورکیا نەیتوانی لە رێگەی دابەزاندنی سەرباز لە هەلیکۆپتەرەوە چیای کوڕۆژارۆ داگیر بکات. هەر جارەو بە دەیانی لێ کوژرا و پاشەکشەی کرد". 

سەرچاوەکەى هەپەگە ئەوەشی خستەڕوو، تورکیا بە هاوکاری پارتى دیموکراتی کوردستان لە رێگەی زەمینییەوە دەیەوێت بچێتە سەر چیای کوڕۆژارۆ.

ئەوەشی خستەڕوو، پارتی سەربازەکانی سوپای تورکیا بە جلی پێشمەرگەوە و بە سەیارەی پێشمەرگە دەگوازێتەوە بۆ بارەگاکەی سوپای تورکیا لە شێلادزێ، پاشان ئەو سەربازانە بە چاوساقی چەکدارانی (پ د ک) بە پیادە بەرەو لوتکەی کوڕۆژارۆ هەڵدەکشن.

هاوکات ئاشکراشیکرد، بەگوێرەی دوایین زانیاری گەریلا لە رێگادا بۆسەیان بۆ دادەنێت و دوو سەربازی تورکیا دەکوژرێن.

ماوەی چەند ڕۆژێکە دەوڵەتی تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی و ئاسمانی لە ناوچە سنورییەکانی نێوان باکور و هەرێمی کوردستان دەستپێکردوە و تائێستاش حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەوبارەیەوە بڵاونەکردۆتەوە. 


AM:09:04:20/04/2022