مەسرور بارزانی: بەهۆی شەڕەکانی پارتی کرێکاران و تورکیا (٨٠٠) گوند چۆڵکراوە

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەکات کە خاکی هەرێم جێبهێڵن و دەشڵێت" بەهۆی شەڕی نێوان  تورکیا و پارتی کرێکاران (٨٠٠) گوند چۆڵکراوە و گوندنشینان ناتوانن بگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان".

ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠ی نیسانی ٢٠٢٢ لە پەیمانگای (تشاتام هاوس) لە وڵاتی بەریتانیا لە میواندارییەکدا، مەسرور بارازانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان وتی" پەکەکە لە بری ئەوەی لەسەر خاکی خۆی شەڕ بکات هاتوونەتە هەرێم و شەڕی تورکیا دەکات".

ئەوەشی خستەڕوو، ئێمە هەموو هەوڵێکی خۆمان دەدەین بۆ ئەوەی چارەسەری ئەو کێشەیە بکەین، کە بەردەوامی هێرشەکانی تورکیا کاریگەری هەیە لەسەرمان. 

بارزانی دەشڵێت" باشترین بژاردە ئەوەیە کە پەکەکە خاکی هەرێم جێبهێڵێت و چالاکی خۆی لە ناوچەکانی خۆیا بکات و ئەو کێشانەی لەگەڵ تورکیادا هەیەتی دوور لە ئێمە چارەسەری بکات".

سەرۆکی حکومەتی هەرێم جەخت لەسەر ئەوەش دەکاتەوە، کە توندوتیژی چارەسەری ئەو گرفتە ناکات و بڕوامان وایە دایالۆگ تاکە ڕێگەی چارەسەرە. 

ماوەی سێ ڕۆژە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم بە سەردانێک گەیشتۆتە بەریتانیا و دوێنێش لەگەڵ بۆریس جۆنسن سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا کۆبووە و لە دیدارەکەدا دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی بارودۆخی ئێستای عێراق و ناوچەکە و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و بەریتانیا تاوتوێ کرا. 


PM:01:28:20/04/2022