لیزا فەلەکەدین: سامانی سروشتی کوردستان بووە بە ئومێدێک بۆ ئەوروپا

ئەندامێکی پەرلەمانی پارتی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات ئەمڕۆ  کوردستان بووە بە ئومێدێک بۆ ئەوروپا و بە بەدیلێک بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی ئاسایشی وزە.

لیزا کاکەیی پەرلەمانتار  لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایدەگەیەنێت، شەڕی ڕوسیا و ئۆکرانیا قەیرانی وزەی بەدوای خۆیدا هێنا و بەمەش دەرگایەکی نوێی بەڕووی هەرێمی کوردستاندا کرایەوە، ئەمڕۆ  کوردستان بووە بە ئومێدێک بۆ ئەوروپا و بە بەدیلێک بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی ئاسایشی وزە.

لیزا کاکەی دەڵێت " سامانی سروشتی هێزە و ئەگەر بە ستراتیژییەتێکی ورد و دووربینانە بەڕێوەببردرێت کاریگەری گەورەی بەسەر دۆخی ئابووری نێوخۆیی و سیاسەتی دەرەوە دەبێت مەسرور بارزانی لەگەڵ تیمەکەی خۆیدا لە حکومەت دەتوانێت دۆسییەی گازی سروشتی زۆر بە سەرکەوتووانە بەڕێوەببات" .

وتیشی "مەسرور بارزانی سەڕەڕای هەموو فشارە نێوخۆیی و ئیقلیمییەکان بەبێ دوودڵی و بە ئیرادەوە بڕیاڕی بەڕێوەبردنی ئەم پرسەی داوە، ئەوەی پێویستە بەردەوام بوونە لە مانۆڕە دیپلۆماسییەکان بە شەفافی و بە ئاشکرا و بەو پەڕی متمانە بەخۆبوونەوە". 

ناوبراو باسی لەوەشکرد " لەولاشەوە لایەنگەلێکی سیاسی لەم هەرێمە هەن لەسەر پرسی گازی سروشتی بە نهێنی و دوور لە چاوەکان دەستیان کردووە بە سەردانیکردنی وڵاتان، ئەمەش نیشانەی لە دەستدانی متمانەیە.لەکاتێکدا خۆیان بەشێکن لە حکومەت و بەشدارن لە هەموو بڕیار و دیدارێکی دیپلۆماسی". 



AM:10:07:21/04/2022