مالکی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر خاکی هەرێم ڕەتدەکاتەوە

‌نوری مالکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا
سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لەبارەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر خاکی هەرێمی کوردستان هەڵوێستی فەرمی خۆی ڕاگەیاند و دەڵێت" دەنگم دەخەمە پاڵ ئەو دەنگە ئازادانەی، کە ئەو هێرشانە ڕەتدەکەنەوە". 

نووسینگەی ڕاگەیاندنی نوری مالکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ڕاگەیەندراوێکی سەبارەت بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر باشووری هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە" بەردەوامی هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆسەر شارەکانی هەرێم بووەتە هۆی ئاوارەبوونی خەڵکی مەدەنی لە شارۆچکە و گوندە سنوورییەکان". 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە" لەگەڵ ئەو کەسەندا ڕادەوەستین، کە بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیاوە لەناو ماڵ و کەنیسەکانیان ئاوارەبوون و ئارامییان لێ تێکدراوە". 

لە بەشێکی تری بڵاوکراوەکەدا سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا دەپرسێت، ئەوانەی ئەم جەنگە لە دژی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)دا دەکەن بیر لە چی دەكەنەوە و كەی جەنگ كۆتاییدێت؟ ئایا گەلی كورد و مەسیحیمان لە ژێر باری ئەم شەڕەدا دەژین و بەردەوام ڕووبەڕووی كوشتن و ئاوارەیی دەبنەوە؟. 

هاوکات مالکی لە پەیامەکەیدا هێرشەکانی تورکیا ڕەتدەکاتەوە، چ بە دانانی دەیان بارەگای ئەنقەرە بێت، یانیش تۆپباران و بۆردوومانی گوند و کێڵگەکان بێت. 

ڕۆژی ١٥ی نیسان لە ڕێگەی ئاسمانییەوە هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆسەر خاکی هەرێم دەستیپێکرد و شەوی ١٧ی نیسانیش، وەزارەتی بەرگری دەوڵەتی توركیا هێرشی زەمینی بۆسەر چیای (كوڕەژارۆ، زاپ، مەتینا و ئاڤاشین) لە ئامێدی سەر بە پارێزگای دهۆک دەستپێكردەوە. 


PM:02:25:21/04/2022