وابڕیارە
سبەینێ کارمەندان و خۆبەخشانی کەرتی تەندروستی لە بەردەمی نەخۆش خانەی فریاکەوتنی
پێشوو خۆپیشاندان ئەنجام بدەن دژی دامەزراندنی بەشێک لە کارمەندانی تەندروستی لە
شارێکی هەرێم و بێبەش کردنی ئەوانیدیکە.
ئەمڕۆ ٢٣ی نیسان شەممە، هاوژین عوسمان، سەرۆكی
سەندیكای كارمەندانی تەندروستی سلێمانی لە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نوسیوییەتی
"بەنهێنی و بە لێشاو دامەزراندنی كارمەندانی تەندروستی لە دهۆك و زاخۆ و سۆران
و هەولێر دەكرێت، كەچی بە واستە نەبێت ڕەزامەندی خۆبەخشیش نادەن بۆ سلێمانی و هەڵەبجە
و گەرمیان و ڕانیە".
كارمەندانی خۆبەخش و دانەمەزراوی كەرتی تەندروستی
لە سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا دەڵێن "هەموو خوێندکارێک كە تەمەنێك خوێندنی كردووە و بڕوانامەی بەدەست هێناوە
حەزدەكات و دەیەوێت لەو بوارەی بڕوانامەی هێناوە كاربكات و دابمەزرێت، دەشڵێن وەك ئاگاردان لە ٢٠١٣ وە دامەزراندیان
ڕاگرتووە هەر جارە و بە بیناویی قەیرانێك، بەڵام ئێمە پێویستە چیتر بێدەنگ نەبین لە
مافی خۆمان، چونكە لەم وڵاتە ماف نادەن دەبێت خۆمان وەریبگرین و هەر كەس لە ئێوە،
كە كارمەندی دانەمەزاراوە ئەركە لەسەری بەشداری هەر چالاكیەك بكات، كە بۆ دامەزارندن
و وەرگرتنی مافی خۆی بێت".
هەر لە ڕاگەیاندراوەکەی کارمەندانی تەندروستی
دا باسی ئەوەش دەکەن کە بەڵگەی پێویستیان لەبەردەستە دامەزراندن دەكرێت بۆ كەسی خۆیان
و بە شەخسی دەیكەن بۆ تایبەتیەكانی ناو یەك حزب.
كارمەندانی خۆبەخش و دانەمەزراوی كەرتی تەندروستی
لە سلێمانی ئاشكراشیان كردووە، ڕۆژی یەك شەممە ٢٤ی نیسان، لە كاتژمێر ١٠:٣٠ی بەیانی
لەبەردەم نەخۆشخانەی فریاكەوتنی كۆن خۆپیشاندانی سەرجەم نەخۆشخانە و بنكەكانی شاری
سلێمانی ڕێكدەخرێت بۆ داواكردنی دامەزراندن و بەردەوامی پێدانی ساڵانەی دامەزراندن.