بەبۆنەی ١٢٤ ساڵەی دەرچوونی یەکەم رۆژنامەی کوردیەوە، بافڵ تاڵەبانی دەڵێت" بەداخەوە ئەمڕۆ کە یادی ئەم رۆژە مێژووییە دەکەینەوە هێشتا هەندێک لە سزادراوانی بادینان ئازاد نەکراون کە بەهۆی ئازادی رادەربڕین و بە بیانووی یاساشکێنی و لێدان لە بەها نیشتمانییەکان، خراونەتە زیندانەوە. ئەمەش وێنەیەکی نەخوازراوی هەرێمەکەمانی بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەخشیووە."
لەو پەیامەدا هاوسەرۆکی یەکێتی دەشڵێت" ئەرکی رۆژنامەنووسانە ئاوێنەی راستەقینەی کۆمەڵگە بن و هەواڵ و زانیارییەکان بەشێوەیەکی راست و دروست بڵاوبکەنەوە. چاودێرێکی وردبن و پردی پەیوەندی نێوان هاووڵاتی و دەسەڵات بن. رەخنە لە گەندەڵی و نادادییەکان بگرن و سەنگەری راستەقینەی مافەکانی خەڵک بن".
بافڵ تاڵەبانی ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک پاڵپشت و پشتیوانی رۆژنامەنووسان دەمێنێتەوە و دەرگای بۆ هەموو رەخنە و پێشنیارێک کراوەیە.
لە کۆتایشدا دەڵێت" فراوانکردنی سنوورەکانی ئازادیی کاری رۆژنامەوانی بە ئەرکی خۆمان دەزانین و بەرگریکاری سەرسەختی مافەکانی رۆژنامەنووسان دەبین".