دووهەمین خولی هەڵبژاردنی فەڕەنسا ئەمڕۆ بەڕێوە دەچێت

ئەمڕۆ خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی فەڕەنسا بەڕێوەدەچێت و بە بەشداریکردنی دەیان ملیۆن هاوڵاتی فەڕەنسی هەڵ بژاردنەکە دەستیپێکرد.

 

 ماڵپەڕی فەڕەنس٢٤ ڕایگەیاند " ئەمڕۆ یەکشەممە بە بەشداری ٤٨ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار هاوڵاتی فەڕەنسی خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی فەڕەنسا لەنێوان (ئیمانوێل ماکرۆن) سەرۆکی پارتی کۆماری بەرەوپێشەوە و (مارین لۆپین) کاندیدی پارتی راستڕەوی گردبوونەوەی نەتەوەی فەڕەنسا دەستیپێکرد".


ئەوەشی ڕاگەیاند " بە گوێرەی پێشبینییەکانی چاودێرانی سیاسیی فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن خولی  دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی فەڕەنسا دەباتەوە رکابەرەکەی کە مارین لۆپین-ە دەبەزێنێت، جارێکی دیکەوە دەبێتەوە سەرۆککۆماری فەڕەنسا".


هەرچەندە ١٠ی ئەم مانگە خولی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی فەڕەنسا بەڕێوەچوو تێیدا ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی پارتی کۆماری بەرەوپێشەوە توانی لە ٪٢٧.٨ دەنگەکان بەدەستبهێنێت و لە بەرامبەریشدا مارین لۆپین کە بەیەکێک بە رکابەرە بەهێزەکانی سەرۆککۆماری پێشووی فەڕەنسا دادەنرێت توانی ٪٢٣.١ دەنگەکان بەدەستبهێنێت.

 

ئەمەش دوای ئەوەی، ماکرۆن سەرۆکی پارتی کۆماری ساڵی ٢٠١٧ توانی بە جیاوازییەکی زۆر لە رێژەی دەنگەکان هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی فەڕەنسا بباتەوە و ببێتە گەنجترین سەرۆککۆماری فەڕەنسا، هەروەها ئەگەر مارین لۆپین کاندیدی پارتی راستڕەوی گردبوونەوەی نەتەوەی فەڕەنسا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی فەڕەنسا بباتەوە، ئەوە دەبێت بە یەکەمین ژن لە تەواوی مێژووی ئەو وڵاتەدا پۆستی سەرۆککۆماری وەرگرتبێت.

 



AM:10:32:24/04/2022