هەپەگە دوایین زانیاری سەبارەت بە هێرشەکانی سووپای تورکیا بۆسەر خاکی هەرێم ئاشکرا دەکات

هەپەگە ئاماری هەفتەی ڕابردووی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیای لە (زاپ، ئاڤاشین و مەتینا) بڵاوکردەوە و دەڵێت" لەوماوەیەدا (٢١٨) سەربازی تورکیا کوژراون". 

ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە، لەبارەی زنجیرە چالاکییەکانی گەریلاوە ڕاگەیەندراێکی بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنێت" دەوڵەتی تورکیا هەموو ڕۆژێک بە فڕۆکەی جەنگی و پێشکەوتووتریین تەکنەلۆژیا جوگرافیای کوردستان بۆردوومان دەکات، بەڵام ناتوانێت ئامانجەکانی بەدەستبهێنێت، جارێکی دیکەش بۆ داگیرکردنی خاکی باشووری کوردستان لە شەوی ١٧ی نیسانەوە هێرشێکی بەفراوانی لە زاپ و ئاڤاشین دەستپێکرد، ئەمە هێرشێکی ئاسایی نییە، بەڵکو شەڕێکی گەورەیە لە ئاستی شەڕی نێوان دوو دەوڵەتدا". 

بەگوێرەی ئامارەکەی هەپەگە، لە ١٧ تا ٢٤ی نیسان گەریلاکانی کوردستان ١٥٢ چالاکی جیاجیایان دژی سوپای تورکیا ئەنجامداوە، کە ٥٨ چالاکییان شەڕ و گورزلێدان، ٢٩ چالاکی بە چەکی قورس، ٢٩ چالاکی تەقاندنەوە، ٢٣ چالاکی قەناس بەدەست، سێ چالاکی هەڵکووتانەسەر، حەوت چالاکی ڕێکخراو و سێ چالاکی کە بەنهێنیی چوونەتە ناو سوپای تورکیا و گورزیان لێداون.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەوەندەی هێزەکانمان پشتڕاستیان کردووەتەوە، ٣٨٧ جار هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا بۆردوومان کراون، هەروەها ٢٤٣ جار بە هێلیکۆپتەری جەنگی و هاوەن تۆپباران و بۆردوومان ئەنجامدراوە.

هەپەگە بەکارهێنانی چەکی کیمیاییشی لەلایەن سوپای تورکیاوە ڕاگەیاندووە و دەڵێت" حەوت جار سەنگەرەکانی هێزەکانمان بە چەکی کیمیای بۆردوومان کراوە". 

لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا بەگوێرەی ئامارەکەی هەپەگە، ٢١٨ سەربازی تورکیا کوژراون و ٤٨ سەربازیش برینداربوون، هاوکات چوار درۆن خراوەتە خوارەوە و گورز لە ١١ هێلیکۆپتەر و درۆنێکیش دراوە، سەنگەرێک خاپوورکراوە و سیستمێکی کامێرای حەراری تێکشکێندراوە.

وەک لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە" هێرشەکانی تورکیان سەرەتا لە ١٤ی نیسانەوە بە بۆردوومانی چڕ دەستیپێکرد، شەوی ١٧ی نیسان سەرباری بۆردوومانی فڕۆکەی جەنگی، هەوڵیدا بە هێلیکۆپتەر هێز لە ناوچەکانی گەریلا دابنێت، هێزەکانمان لە هەموو شوێنەکان بەبێ سانسۆر وەڵامی پێویستیان دانەوە، ڕێگەیان نەدا داببەزن، شەویش بەهەمان شێوە هەوڵیاندا دابەزن، هێزەکانمان بەردەوامبوون لە بەرپەرچدانەوەیان و گورزیان لە ١١ هێلیکۆپتەر دا". 

لەبارەی بەکارهێنانی گازی کیمیاییش لەلایەن سوپای تورکیاوە، هەپەگە ڕایگەیاندووە" تورکیا لە چوارەم ڕۆژی هێرشەکانییەوە چەکی کیمایی بەکاردەهێنێت لە ناوچەکانی کوڕەژارۆ، وەرخەلێ، شەهید شاهین، کونیشکا و گردی ناوەڕاست".


PM:01:53:25/04/2022