سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت" بەھۆی بۆردوومانەکانی تورکیا و پێکدادانەکان لەگەڵ گەریلاکانی پەکەکە زیاتر لە (٣٦٠) گوند لە سنوری دھۆک چۆڵکراون".
ڕێڤینگ هروری سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" شەڕ لە ناوچەکانی نێروە و رێکانی ناحیەی دێرەلوک و شیلادزێ و کۆمەڵگای سیریێ بەردەوامە، هێزەکانی تورکیا لەشکرەکانی لەسەر گردی کۆڕەژار و لینکی داناوە و بۆ پاراستنی خۆیان ڕۆژانە بۆردومانێکی زۆری ئەو دەڤەرانەی نزیک سەربازەکانیان دەکات و ئەمەش کاریگەریەکی زۆری لەسەر سایکۆلوژیەتی خەڵکی ئـەو ناوچانە کردووە چونکە ڕۆژانە خەڵکی بەچاوی خۆیان ئەو بوردومان و دوکەڵانە دەبینێت".
ڕوونیشیکردەوە، لە سنوری پارێزگای دهوک زیاتر لە (٣٦٠) گوند بەهۆی شەڕی نێوان چەکدارانی پەکەکە و سوپای تورکیاوە چوڵکراون تەنها لە دەڤەری ئامێدی نزیکەی (١٩٧) گوند چوڵکراون، ئەو دەڤەرانەی کە ئێستا شەڕیشی تێدایە (١٢٧) گوند لە خۆ دەگرێت کە لە دەڤەرەکانی نێروە و رێکان و دوسکی ژووری و نهێل پێکهاتوون لەو گوندانەشدا مزگەوت، کڵێسا، قوتابخانە، شوێنەوار و کانیاو تێدایە بۆیە ئەم شەڕە کارەساتی بەدوای خۆیدا هێناوە".