لێدوانی توندوتیژی ژنان لەسەر ئەو ژنەی بە چەقۆ لەلایەن هاوسەرەكەیەوە بریندار كرا


بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان لە سلێمانی رایدەگەیەنێت، لەئێستا لێكۆڵینەوە لە دۆسیەی ئەو ژنەی لەلایەن هاوسەرەكەیەوە بە چەقۆ برینداركرا دەستی پێكردوە، بەڵام تائێستا هاوسەرەكەی دەستگیر نەكراوە.

رائید راز فریا، وتەبێژی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان لە سلێمانی لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە "دوای ئەوەی شەوی 5ی ئەم مانگە، بە چەقۆ هێرشكراوەتە سەر ژنێك بەناوی (ن،م، ح) لەلایەن هاوسەرەكەیەوە كە داوای جیابوونەوەی لێكردووە، بەڵام پیاوەكە حەوت چەقۆی لە ژنەكەی داوە و هەڵهاتووە."   

ناوبراو ئاماژەی بەوەشكردووە "دەستدرێژیكارەكە بەناوی (د،ئ،ع) لەدایكبووی ساڵی 1992ـەو دوای ئەوەی تاوانەكەی ئەنجامداوە و ڕایكردوە و لە ئێستادا فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەركراوە، بەڵام تاوەكو ئێستا دەستگیرنەكراوە."   

راز فریا وتویەتی "دەستدرێژیكارەكە پێشتریش هاوسەری هەبووە و بەهۆی كێشەی خێزانییەوە جیابوونەتەوە، لەبەر كاریگەر نەبونی رەوتی لێكۆڵینەوە و دەستگیركردن زانیاری زیاتر بڵاو ناكەینەوە، بەڵام هەمووان دڵنیا دەكەینەوە كە هێزەكانی پۆلیس و ئاسایش بە هەماهەنگی لە داهاتوویەكی نزیكدا تۆمەتبار دەستگیر دەكەن و مافی خاوەن ماف دەگەڕێتەوە بەپێی یاسا".  



PM:07:32:07/05/2022