وەزیری نەوتی عێراق: بڕیاری دادگای فیدراڵی وەكو خۆی جێبەجێ دەكەین


وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاندووە، ٧٥  رۆژ لە گفتوگۆ و دەستپێشخەری لەگەڵ هەرێمی كوردستان سەبارەت بە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی، بەڵام نەگەیشتنە ئەنجام، بۆیە بڕیارەكە وەك خۆی جێبەجێ دەكەن.

ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق رایدەگەیەنێت "زیاتر لە ٧٥  رۆژ لە گفتوگۆ‌و دەستپێشخەریی‌و هەوڵ‌و نەرمی نواندنی بەغداد لەگەڵ هەرێمی كوردستان، نەگەیشتە هیچ ئەنجامێك، بۆیە بەرەو ئەوە هەنگاومان هەڵگرتووە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی وەكو خۆی لەسەر هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكەین".

ناوبراو وتویەتی "پێویستە لەسەر وەزارەتی نەوت‌و ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی كۆمپانیای نیشتمانی نەوت ئامادەكاریی بكەن بۆ روبەڕووبونەوەی ئاڵنگارییەكانی داهاتوو لە جێبەجێكردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی لەسەر هەرێمی كوردستان، پێدەچێت ئەزمونەكانی مێژوو بوبێتە هۆی دروستبوونی درز لە متمانەی نێوان حكومەتی ناوەند‌و هاوبەشەكان لە هەرێمی كوردستان، بەڵام ئێمە بەرپرس نین لەم كێشەیە‌و ئەوپەڕی هەوڵمانداوە نەرمی بنوێنین".

وەزیری نەوت ئاماژەی بەوەكردووە "دەستپێكردن بە جێبەجێكردنی حوكمەكانی بڕیاری دادگای فیدراڵی لەسەر هەرێمی كوردستان بە واتای راگرتنی گفتوگۆ نییە، پێشوازی لە برایانی بەرپرسی دۆسیەی نەوتی هەرێم دەكەین هەر كاتێك بیانەوێت سەرلەنوێ دەرگای گفتوگۆ بكەنەوە".
 
هەروەها دەڵێت "نازانین پاڵپشتی یاسایی چییە بۆ ئەوەی بەشێك لە وڵات وزە هەناردە بكات، لەكاتێكدا بەشێكی تری وڵات پێویستی پێی بێت، ئەمە تەنانەت لە وڵاتە فیدراڵییە كۆنەكانیشدا بوونی نییە، دادپەروەرانە نییە دوو جۆر مامەڵەی دژ بەیەك لەناو یەك وڵاتدا هەبێت، دەبێت هەموو داهاتی نەوتی بەرهەمهێنراو بگەڕێتەوە بۆ بودجەی گشتی".

ئیحسان عەبدولجەبار باسی لەوەكردوە "زیاتر لە جارێك هەرێممان دڵنیاكردوەتەوە لەوەی بەغداد نایەوێت كۆنترۆڵی چالاكیی نەوت لە هەرێمی كوردستان بكات، بەڵام حكومەت دەیەوێت چالاكی نەوتی رێكبخاتەوە‌و بیكات بە چالاكییەكی راستەقینەی بازرگانی روون‌و شەفاف".







PM:08:01:07/05/2022