پارتی وادەی بەستنی کۆنگرەی حزبەکەی ئاشکراکرد

وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان وادەی بەستی کۆنگرەی (١٤)ی حزبەکەی ئاشکرا کرد و دەڵێت" لە مانگی (١٠ یان ١١)ی ئەمساڵ کۆنگرە دەبەسترێت". 

مەحموود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی سەرکردایەتی حزبەکەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند" لە کۆبوونەوەکەدا پرسی کۆنگرە و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر، بۆ ئەو ئاستەنگانەی کە هاتوونە پێش، هەروەها پرسی چاکسازی لەناو حکومەت، دوای گفتوگۆ بڕیاری پێویست لەبارەیانەوە درا".

ئەوەشی خستەڕوو، لەگەڵ ئەوەداین هەڵبژارن لەکاتی خۆیدا بکرێت، هەروەها لێکنزیکبوونەوەی لایەنەکان لەسەر بنەمای پرسە نەتەوەی نیشتمانییەکان و بەرژەوەندییە گشتییەکان هەبێت. 

ئاشکراشیکرد، بڕیار دراوە و دەسەڵات دراوە بە مەکتەبی سیاسی لیژنەکانی ئامادەکاری دەستبەکاربن، لە مانگی (١٠ بۆ ١١)ی ئەمساڵ کۆنگرە دەسبەستین. 

وتەبێژی پارتی لەبارەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ یەکێتی ئاماژەی بەوەکرد، پێمان باشە لەسەر ئاستی باڵا یەکتر بینین، بۆ ئەوەی لێکنزیک بوونەوە هەبێ و کێشەکان چارەسەر بکرێن، بەڵام لەسەر بنەمای بەرژەوەندی گشتی و بنەما نەگۆڕەکانی نیشتمانی. 


PM:01:50:08/05/2022