وەزارەتێك دەرگای دامەزراندنی كردەوە


وەزارەتی تەندروستی عیراق رایدەگەیەنێت، دەرچوانی بەشی پزیشكی ددان و پزیشكی دەرمانساز لە زانكۆكانی عیراق و ھەرێمی كوردستان و دەرەوەی عیراق، دەتوانن لە سبەینێوە بە مەبەستی دامەزراندنیان فۆرم پڕبكەنەوە.

فەرمانگەی پلاندانان و گەشەپێدانی مرۆیی لە وەزارەتی تەندروستی عیراق لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە "دەرگای دامەزراندنیان كردووەتەوە بۆ دەرچووانی كۆلێژی بەشە پزیشكییەكانی ددان و دەرمانسازی ساڵی 2018-2019 لە زانكۆكانی ھەرێمی كوردستان و عیراق و دەرەوەی عیراق".

بەپێی راگەیەنراوەكە "پاش دامەزراندنیان، دەرچووی ئەو بەشە پزیشكییانە بەگوێرەی پلەبەندی پزیشكی بەسەر ناوچەكاندا دابەش دەكرێن".

هەروەها دەڵێت "فۆڕمەكانی دامەزراندن بۆ پزیشكانی ددان لە سبەینێوە 9-5-2022 دەستپێدەكات و تاوەكو 22-5-2022 بەردەست دەبێت. بۆ پزیشكانی دەرمانساز، پڕكردنەوەی فۆڕم لە 12-5-2022 دەستپێدەكات تاوەكو 24-5-2022 بەردەست دەبێت".

وەك راگەیەنراوەكە باسیكردووە "فەرمانگەی پلاندانان و گەشەپێدانی مرۆیی ماوەی بەردەستبوونی فۆرمی دامەزراندنی بۆ دەرچووانی ساڵی 2019-2020 بڵاوكردووەتەوە و دەڵێت بۆ پزیشكانی ددان، پڕكردنەوەی فۆڕم لە 26-5-2022 دەستپێدەكات تاوەكو 9ی مانگی داھاتوو، بۆ پزیشكانی دەرمانساز، پڕكردنەوەی فۆڕم دەستپێدەكات لە 12-6 تاوەكو 23-6".



PM:08:29:08/05/2022