کۆنگۆ دەیەوێت سوود لە ئەزموونی کارەبای هەرێم وەبگرێت

وەزارەتی کارەبای هەرێم ئاشکرایکرد، کۆماری کۆنگۆ دەیەوێت سوود لە ئەزموونی پرۆژەی پێوەری زیرەکی کارەبا وەربگرێت.

ئەمڕۆ ١٠ی ئایار سێشەممە، وەزارەتی کارەبای هەرێم لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاند " کەمال محەمەد وەزیری کارەبا پێشوازی لە شارلۆت کیسێم موتواک بریکاری وەزارەتی وزە، بەشی کارەبای کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ کرد، کە بە یاوەری شاندێکی باڵای بەرپرسان و کۆمپانیاکانی وڵاتەکەی سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە".

هەر لە بڵاوکراوەکەی وەزارەتی کارەبا ئەوەش هاتووە، کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ لە هەوڵی سوود وەرگرتن لە ئەزموونی پرۆژەی پێوەری زیرەکی کارەبای هەرێمی کوردستانە، بۆ ئەوەی لە وڵاتی خۆیدا جێەجێی بکات، بەتایبەتی لە بەشی کڕینی کارەبا بە کارت و کەمکردنەوەی بە فیڕۆدانی کارەبا.

ئەمەش لە کاتێکدایە،  شاندی کۆنگۆ بەشدارییان لە پریزێنتەیشنێکیان تایبەت بە پێوەری زیرەکی کارەبا و وزە نوێبووەکانی هەرێم کرد".

 

 



PM:02:24:10/05/2022