وردەکاری تۆپ بارانەکەی ئەمڕۆی ئێران بۆ ناوچەی برادۆست ئاشکراکرا

دەزگای فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان سەر بە حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لە راگەیەندراوێكدا وردەكاری تۆپبارانەكەی ئەمڕۆی ئێرانی بۆ سەر ناوچەی برادۆست ئاشكراكرد.

ئەمڕۆ چوار شەممە ١١ی ئیار، دەزگای فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان روونیكردەوە، ئێران لە وەرزی بەهاردا ناوچە شاخاوییەكانی ڕۆژهەڵات و باشووری كوردستانی بە چەكی جۆراوجۆری قورس و دڕۆن تۆپباران و مووشەكباران كرد، هەروەها ئەم كردەوە لە كاتێكدایە كە خەڵك مەڕی لە كوێستاندایە و كاسبكاران بۆ بژێویی ژیانی خۆیان دەچنە كوێستانەکان، بەڵام ئێران وەك هەمیشە دژی ئاسایش و دژایەتیی خەڵكی كوردستان و لە وەرزی بەرووبوم و ژیانی خەڵك، دەست دەداتە ئەم كردەوانە و خەسار لە خەڵك و شاخ و گوندەكان دەدات.

ئاشكراشیكرد بەپێی زانیاریی دەزگای فەرماندەیی، بە خۆشییەوە زیانی گیانی وەبەر كەس و لایەنێك نەكەوتووە، بەڵام زیانی ماددیی لە خەڵك و كوێستان داوە.

لەلایەكی دیكەوە بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی هەواڵی تەسنیم-ی ئێران، هێرشەكە بۆ سەر بنكەی‌ پارتە كوردییەكانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران بووە.

ئاژانسەكە لە زاری بەرپرسانی فەرماندە چەكدارەكانی ئەو وڵاتەوە بڵاویكردووەتەوە، "بەهیچ شێوەیەك رێگەنادەن بە درێژاریی سنوری رۆژئاوایان، گروپە چەكدارەكان بوونیان هەبێت".

 



PM:02:12:11/05/2022