شەڕی قورس لە سیدەکان بەڕێوە دەچێت
فڕۆکەکانی تورکیا بەیاننامە بە کوردی بڵاودەکەنەوە


لە دوێنێ شەوەوە لە دەڤەری سیدەکانی سەر بە هەولێر و لەناوچەی زاب و ئاڤەشین و کۆرەژار سەر بە ئامێدی دهۆک، شەڕی قورسی نێوان گەریلا و سوپای تورکیا بەڕێوەدەچێت، لەو شەڕەی سیدەکان گەریلا شەوی رابردوو هێرشێکی توندیان کردۆتە سەر سەربازگەیەکی سوپای تورکیا.

میدیاکانی پەکەکە بڵاویان کردەوە کە دوێنێ شەو گەریلاکانی پەکەکە تا بەیانی ئەمڕۆ لە هێرشدابوون و لە سیدەکانی سەر بەپارێزگای هەولێر و هێرشێکیان کردۆتە سەر سەربازگەیەکی گەورەی سوپای تورکیا، هەرچەندە تا ئێستا هەپەگە باڵی سەربازی پەکەکە  هیچ بەیاننامەیەکیان لەو بوارەدا بڵاونەکردۆتەوە، بەڵام سەرچاوە هەواڵیەکانی ئەو ناوچەیە ئاماژە بۆ قورسی شەڕی نێوان هەردوولا دەکەن و باس لەوەش دەکەن زیانی گیانی بەرچاو لە هەردوولا هەیەو، فڕۆکە کۆپتەرەکانی تورکیا ناوبەناو تەرمی کوژراو بریندارەکانیان گواستۆتەوە.

لەلایەکی ترەوە لە بەرەی شەڕی زاب و ئاڤەشین و کۆرەژار فڕۆکەو توپخانەکانی تورکیا شەوی رابردوو و ئەمڕۆ بۆردومانی خەستی چەندان شوێنی ناوچەکەیان کردووە.

ئەوە لە کاتێکدایە کە ماوەی دوو هەفتە دەبێت پەکەکە تاکتیکی شەڕی گۆڕیووە لە بەرگریەوە بۆ هێرشکردنە سەر بنکە و بارەگاکانی سوپای تورکیا لە ناوچەکانی سەر بە پارێزگای دهۆک و سەر بە پارێزگای هەولێر.

لەلایەکی ترەوە دوێنێ و ئەمڕۆ فڕۆکەکانی تورکیا بەیاننامەیان بە ناوچەکانی ئامێدیدا بڵاوکردۆتەوە کە بەزمانی لاتینی بە زاراوەی کرمانجی سەرو لێی نوسراوەو داوا لە گەریلا دەکات کە خۆیان رادەستی سوپای تورکیا بکەن.

کۆپی ئەو بەیاننامانەی فڕۆکەکانی تورکیا بڵاویان کردۆتەوە.



PM:10:14:16/05/2022