یەكگرتووی ئیسلامی: هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد زامنی پێشكەوتنی پرۆسەی سیاسییە لە هەرێمدا


ئەمینداری یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان رایگەیاندووە، ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی "بێگەرد" لە هەرێمی كوردستان زامنی پێشكەوتنی پرۆسەی سیاسییە لە هەرێمدا.
 
ئەمڕۆ سەڵاحەدین بەهادین، ئەمینداری یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە بەغدا لەگەڵ جێنین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق كۆبووەوە. دۆخی سیاسی و ژیانی هەرێمی كوردستان تەوەری سەرەكیی دیدارەكە بوو، بەپێی راگەیەنراوی ئەمینداری یەكگرتوو، لە كۆبوونەوەكەدا سەلاحەدین بەهائەدین رایگەیاندووە "ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد زامنی پێشكەوتنی پرۆسەی سیاسییە لە هەرێمدا، ئەوەش پێویستی بە میكانیزمی كردەنی و یاسای هەڵبژاردنی دروست و ئیرادەی سیاسی بەهێز هەیە" هەروەها داواشی كردووە نەتەوەیەكگرتووەكان رۆڵی كارا و كاریگەریان لەو پرۆسە هەبێت.
 
راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە "ئەمینداری یەكگرتوو وتویەتی  دەبێت بەرژەوەندیی باڵای هاوڵاتییانی كوردستان، پێش هەر بەرژەوەندییەكی دیكەی سیاسی بێت، لەو روانگەیەوە بۆ چارەسەری قەیرانەكان، دەبێت ژیان و گوزەرانی هاوڵاتییان سەنگی مەحەك بێت".
 
ئەمینداری یەكگرتوو رایگەیاند، "هەرێمی كوردستان و هاووڵاتییانی بەدەرنین لە كاریگەریی نەرێنی قەیرانەكانی حوكمڕانی، ئێمە لە یەكگرتوو پێمانوایە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد زامنی پێشكەوتنی پرۆسەی سیاسییە لە هەرێمدا، ئەوەش پێویستی بە میكانیزمی كردەنی و یاسای هەڵبژاردنی دروست و ئیرادەی سیاسی بەهێز هەیە". 



PM:07:39:25/05/2022