هەڵوێستی بەرپرسی نوسینگەی لاهور جەنگی لەسەر دیداری یەكێتی لە سلێمانی


ئەحمەد فاتح، بەرپرسی نوسینگەی لاهور شێخ جەنگی و کەسی نزیکی رایدەگەیەنێت "دیداری ئەمڕۆی یەكێتی بووبووە ئاڵتەرناتیڤی كۆنگرە یان پلنیۆم و زیاتر لە نمایش و موبایەعەیەكی سیاسی دەچوو بۆ بەڕێوەچون و كەڤەركردنی ئەجێندایەكی تایبەت".  

ئەحمەد فاتح لە وتارێكیدا رایگەیاندووە "دەبوایە هەڤاڵانی ئەمڕۆی دیدار ئەوانەی دووساڵ پێش ئێستا دەنگیان بەشێخ لاهور دا بۆ ئەوەی ببێتە یەكەم دەنگی كۆنگرە، هەر ئەم هەڤاڵانە دەنگیان بەرزبكردبایەتەوە بیانگوتایە ئەمەی ئێمە دەیكەین ناپەیڕەوی وناحیزببیە".  

  
دەقی وتارەكە..


ئەمرۆ ۲۸ی ئایاری ۲٠۲۲ دیداری یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بەئامادەبونی كۆمەڵێك سەركردایەتی وكادیرانی حزبیی بەڕێوەچوو كەزۆرینەیان هەمان ئەو كادیرانەبوون لەكۆنگرەی چوارەم بەشداریان كردو و دەنگیان دا.
دیارە هەموو چالاكییەكی حیزبیی كارێكی ئاساییە لەپێناوی بەهێزكردنی ژیانی حیزبایەتییدا، بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ لەدیداری یەكێتی بەدیمان كرد ئەوەبوو كە دیدارەكە ببووە ئالتەرناتیڤی كۆنگرە یان پلنیۆم، زیاتر لەنمایش وموبایەعەیەكی سیاسی دەچوو بۆ بەڕێوەچون وكەڤەركردنی ئەجێندایەكی تایبەت ،كەبەراستی ئەمەش پێشهاتێكە دوورە لەعورف وپەیڕەو وئاكاری حیزبیی، ئەوەی لەمەش خراپتر ئەوەیە حزبێكی سۆشیال دیموكرات حیزبێك كە خەبات بۆ ئاشتی ودیموكراسی ومافی مرۆڤ ومافی چارەی خۆنوسین دەكات، ولەپەیڕەوی پەسندكراوی چوارەمین كۆنگرەشدا باس لەعەدالەتی كۆمەڵایەتی دەكات، بەڵام هەڤاڵانی بەشداربووی ئەم دیدارە حیزبییە دێن و بێدەنگی هەڵدەبژێرن، لەدەرەوەی كۆنگرە وپلنیۆم وكۆنفرانسە محەلییەكانی حیزب بڕیاردەدەن . من دەپرسم لەچ حیزبێكی شمولی وپاوانخوازدا وبەبێ كۆنگرە وكۆنفرانس وپلنێۆم بڕیار لەچارەنوسی حیزب دراوە؟!! ئەی پەیڕەو بۆ نوسراو كۆنگرە بۆ ئەنجام درا؟!  

من دەڵێم شێخ لاهور كەهاتۆتە ناوكایەیی سیاسی وحزبی نەهاوسەرۆك بووە نە مەكتەب سیاسی نەسەركردایەتی ، بەڵام دەبوایە هەڤاڵانی ئەمڕۆی دیدار ئەوانەی دووساڵ پێش ئێستا دەنگیان بەشێخ لاهوردا بۆ ئەوەی ببێتە یەكەم دەنگی كۆنگرە هەر ئەم هەڤاڵانە دەنگیان بەرزبكردبایەتەوە بیانگوتایە ئەمەی ئێمە دەیكەین ناپەیڕەوی وناحیزببیە، ئەمە بۆ خەبات ومێژووی خۆمان نابێت ، بەتایبەتی بەشێك لەبەشداربووان پەرلەمانتار ودەرچوی كۆلێژی یاسان ویاخود بەڕێوبەری گشتی وفەرماندەن و خاوەنی قەڵەمن، دیدار بەڕێوەچوو لەچالاكییەكی حزبی زیاتر ئەوا هەموو بڕیارەكانی هیچ هێزێكی یاسایی وپەیڕەوییان نییە.
هەڤاڵانی دیدار ئێوە لەچەندین كۆڕ وكۆنفرانس لەدەرەوە بەشدار دەبن ،چۆن تەئویل وتەفسیر بۆ ڕێكاری ناپەیڕەوی دەدەن؟!  

ئێمەی كادیران نابێت توراسی مام جەلال لەیاد بكەین ، مام جەلال لەهەموو كۆنگرەكاندا پۆستەكەی خستۆتە دەنگدانەوە هەرگیز ڕێگای بەخۆی نەداوە لە دەرەوەی ڕێكارە حیزبییەكان نەخۆی كاندیدكردووە نەڕێگاشی داوە كاری ناپەیڕەویی بكرێت، بۆیە باشترە هەموومان لەگەڵ یەكێتییەكی بەهێزدا بین كەسەرچاوەكەی كۆمەڵانی خەلكی كوردستانە نەك تەنها نوخبەیەك.  






AM:12:04:29/05/2022