لە سێ مانگدا نزیكەی هەزار و 900 هاوسەرگیری دووەم تۆماركراوە


ئەنجومەنی دادوەری باڵای عێراق رایدەگەیەنێت، لەماوەی سێ مانگدا لە دادگاكانی عێراق هەزار و 896 گرێبەستی هاوسەرگیری دووەم تۆماركراوە، زۆرترینیشی لە پارێزگای نەینەوا بووە.

فەرمانگەی پەیوەندییە گشتییەكان و كاروباری یاسایی لە ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق بڵاویكردەوە "لە سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵ شەش هەزار و 30 مامەڵە تەواوكراون، لەو مامەڵانەش 3 هەزار و 81 مامەڵەی  وەرگرتنی رەزامەندی بۆ هاوسەرگیریكردنی دوەمیان كردوە، لەو ژمارەیەش هەزار و 905 كەسیان پاساوی پێویستیان بۆ هاوسەرگیریان هەبوە و هەزار و 896 كەسیشیان بەتەنیا داوای رەزامەندیان كردوە بەبێ بونی پاساو".

راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە "زۆرترین داوای هاوسەرگیریكردنی دوەم لەپارێزگای نەینەوا بوە كە 339 مامەڵە هەبوە و لەدوای ئەویش بەسرە دێت كە 222 مامەڵەكراوە و دواتریش پارێزگای سەلاحەدین دێت كە 196 مامەڵە كراون".

وەك راگەیەنراوەكە باسیكردووە "زیادبوونی رێژەی هاوسەرگیری دووەم و پاساوەكانی ئەو كەسانەی دەیانەوێت هاوسەرگیری دووەم بكەن زۆرن بەشێكیان بۆ نەزۆكی و یان بونی نەخۆشی درێژخایەنی هاوسەری یەكەمیان گەڕاندوەتەوە، جگە لەوەی باشتربونی دۆخی ئابوری هۆكارێكی دیكە بوە بۆ ئەو جۆرە داواكارییە".
 



PM:04:35:29/05/2022