شاندێکی وەزارەتی تەندروستی هەرێم سەردانی بەغداد دەکات

شاندێکی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات و کێشە و گرفتە تەندروستییەکان، دابینکردنی دەرمان و پێداویستی پزیشکی لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستی فیدڕاڵ تاوتوێ دەکەن.

 

ئەمڕۆ دووشەممە ٣٠ی ئایار، وەزارەتی تەندروستی هەرێم بڵاویکردەوە، شەوی رابردوو لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەنێوان (د. سامان بەرزنجی) وەزیری تەندروستی و (د. هاني العقابی) وەزیری تەندروستی عێراقی فیدڕاڵ بەوەکالەت گفتوگۆ کراوە لەسەر کاروبارەکانی نێوان هەردوو وەزارەت و هەماهەنگیکردنی زیاتر، باسی ئەوەشیکردووە، لەسەر ڕاسپاردەی وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، شاندێکی وەزارەتی تەندروستی لەڕێگەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم گەیشتە شاری بەغدا، بڕیارە ئەمڕۆ دوشەممە زنجیرەیەک کۆبونەوە لەگەڵ وەزیری تەندروستی عێراق و بەرپرسانی پەیوەندار و سەردانەکانیان بۆ دامودەزگاکانی پەیوەندار بکەن بۆ چارەسەری کێشە و گرفتە هەڵپەسێردراوەکان.

 

وەزارەتی تەندروستی هەرێم دەڵێت، لەکۆبونەوەکاندا هەماهەنگی زیاتر دەکرێت بۆ دابینکردنی دەرمان، پێداویستی پزیشکی، ئامێر، سازدانەوەکان و پڕۆژە خزمەتگوزاریەکان بۆ هەرێمی کوردستان.



AM:09:11:30/05/2022