دڵشاد شەهاب: ئامانجی سەرۆكایەتی هەرێم کۆکردنەوەو رێکەوتنە لەسەر بەرنامەیەك لە بەرژەوەندی خەڵكدا


دڵشاد شەهاب، ڕاوێژكاری سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، سەردانەكەی هەفتەی رابردووی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێم و شاندی سەرۆكایەتی هەرێم بۆ سلێمانی بەستەڵەكی لایەنەكانی تواندەوە و ئاماژەی بەوەكردووە كە ئامانجی سەرۆكایەتی هەرێمە لایەنەكان كۆبكاتەوە بۆ ئەوەی لەسەر بەرنامەیەك بۆ بەرژەوەندی خەڵك.

دڵشاد شەهاب، ڕاوێژكاری سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی راگەیاندووە "سەردانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێم بۆ سلێمانی بەستەڵەكی نێوان لایەنەكانی تواندەوە و هەوڵەكانی سەرۆكی هەرێم بەردەوام دەبێت بۆ لێكنزیكبوونەوە و كاری هاوبەشی لایەنەكان، نێچیرڤان بارزانی وەك نەهج و بیر وباوەڕی شەخسی، بەرپرسیاریەتیی ڕێكخستنی ناوماڵی كوردستانی لەئەستۆدایە".

هەروەها ئاماژەی بەوەكردووە "حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ كارە هونەری و كردەییەكان لەگەڵ حكومەتی ناوەندیی عێراق بەردەوام لە پەیوەندیدایە، بەڵام سەرۆكایەتی هەرێم ناتوانێت لە جیاتی لایەنەكان دانوستان بكات بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق، ئەم دۆسیەیە پەیوەندی بە لایەنەكان خۆیانەوە هەیە".

راوێژكارەكەی نێچیرڤان بارزانی روونیكردۆتەوە "سەرۆكایەتی هەرێم هۆكاری لێكنزیكبوونەوەی لایەنەكان دەبێت بۆ ئەوەی كورد لە بەغداد وەك یەك پێكهاتە دەربكەوێت و رۆڵی هەبێت، ئامانجی سەرۆكایەتی هەرێمە لایەنەكان كۆبكاتەوە بۆ ئەوەی لەسەر بەرنامەیەك بۆ بەرژەوەندی خەڵك كۆیان بكاتەوە".




PM:08:09:30/05/2022