دەستەی كەشناسی عێراق: گەرمای ئەمساڵ وەك ساڵانی رابردوو دەبێت


دەستەی كەشناسی عێراق رایدەگەیەنێت، بەگشتی كەشوهەوا و پلەكانی گەرمای هاوینی ئەمساڵ لەئاستی تێكڕای ساڵەكانی رابردودا دەبێت و تائێستا هیچ ئاماژەیەك بۆ هاتنی شەپۆلی نوێی خۆڵبارین لەم نزیكانەدا لەئارادا نییە.

دەستەی كەشناسی عێراق بڵاویكردەوە، تا ئەم ساتە گۆڕانكاری كەشوهەوا و ناجێگیری پلەكانی گەرما لەئارادایە، هاوشێوەی مانگەكانی ئازار و نیسان، پێشبینی دەكەن لەسەرەتای مانگی داهاتوو یان ناوەڕاستی مانگ پلەكانی گەرما نزمبونەوە بەخۆیانەوە ببینن، دواتریش پلەكانی گەرما بەرزبونەوە بەخۆیانەوە دەبینن.

دەستەی كەشناسی روونیكردۆتەوە "پێشبینی دەكەین لەگەڵ بەرزبونەوەی پلەی گەرمادا تۆز و خۆڵێكی سوك بەرزبێتەوە، بەڵام ئێستا هیچ ئاماژەیەك نییە بۆ بونی خۆڵبارینی چڕ لەئارادانییە، هیوادارین كاریگەرییەكەی لەسەر وڵاتەكەمان كەمبوبوێتەوە".

هەروەها دەڵێت "لەعێراقدا كەمی باران و وشكبونەوەی زەوی و كەمبونەوەی زەوی كشتوكاڵی و كەمبونەوەی ئاوی روبارەكان و كەمی بەرهەمە كشتوكاڵییەكان و نەبونی پشتێنی سەوزایی هۆكاری بەرزبونەوەی پلەكانی گەرمان، بەڵام بۆ هاوینی ئەمساڵ بەشێوەی گشتی لە ئاستی تێكڕای ساڵانی رابردودا دەبێت".




PM:10:34:30/05/2022