بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی رایدەگەیەنێت، ، لە ئێستادا شەپۆلێكی سكچوون و ڕشانەوە لە ناو منداڵاندا بڵاوبۆتەوە و بەو هۆیەشەوە لە (٤۸) كاتژمێری ڕابردوودا (٦۳٪) ئەو منداڵانەی داخڵی نەخۆشخانە بوون بەهۆی سكچوون ڕشانەوە بوون.
د. پشدەر عەبدوڵا، پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشیەكانی منداڵان و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان بە سایتی فەرمی تەندروستی سلێمانی راگەیاندووە "بەهۆی ئەو شەپۆلی سكچوون و ڕشانەوە كە لەئیستادا لەناو منداڵان بڵاوبۆتەوە لە (٤۸) كاتژمێری ڕابردوو (۱٦۳) منداڵ داغڵی نەخۆشخانەی د.جەمال ئەحمەد ڕەشیدی منداڵان بوون و لەو ژمارەیەش (۱۰۲) منداڵیان بەهۆی سكچوون ڕشانەوە داغڵ بوون.
ناوبراو چەند رێگەیەكی بۆ ڕێگەگرتن لە تووشبوون بە سكچوون و ڕشانەوە خستۆتەڕوو ئەوانیش:
یەكەم: هەموو ئاوێك بكوڵێنە انجا ساردی بكەرەو بۆ خواردنەوە بەكاری بهێنە.
دووەم: خواردن لەناو سەلاجە هەڵبگرە.
سێیەم: سەورزە میوە پێش خواردنی جوان بشۆرەوە.
چوارەم: زوو زوو دەستی منداڵەكەت بشۆ بەتایبەت دوای تەوالێت كردن.
پێنجەم: پاك و خاوێنی تەوالێت و حەمام زۆر گرنگە.
شەشەم: بەكارنەهێنانی خاولی و پەرداخ و كەوچكی یەكتر.
حەوتەم: دووركەوتنەوە لەخواردنی دەرەوە بەتایبەت ئەوانەی سەر عەرەبانەكان.
هەشتەم: باش كوڵاندنی گۆشت و خواردنەكان.