داوای دەستلەكاركێشانەوەی وەزیری تەندروستی دەكرێت


دەستەی نوێنەرانی خۆبەخشان و دانەمەزراوانی بەشە پزیشكییەكان لە  سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیان و ڕاپەڕین لەبەرامبەر دانەمەزراندنیان داوای دەستلەكاركێشانەوەی وەزیری تەندروستی هەرێم دەكەن.

دەستەی نوێنەرانی خۆبەخشان  و دانەمەزراوانی بەشە پزیشكییەكان لە  سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیان و ڕاپەڕین لە راگەیەنراوێكدا رەخنەی توند لە سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێم دەكەن بەهۆی ئەوەی لە دامەزراندن "بێبەش"ی كردوون و داوای دەستلەكاركێشانەوەی دەكەن. 

دەقی راگەیەنراوەكە..

پاش ئەوەی ئەمڕۆ جەنابی وەزیر بانگهێشتی پەرلەمان كرا لەگفتوگۆیەكی چوار كاتژمێریدا تەنیا چل چركە ئاماژە بەدانەمەزراندنی زیاترلە (دەیان هەزار) دەرچووانی دانەمەزراو و خۆبەخشی  بەشە پزیشكییەكان و  داتەپینی زیاتر لە پەنجا لەسەد كەرتی تەندروستی كرا، بۆیە بەپێویستمان زانی كۆمەڵێك ڕوونكردنەوەتان پێ بدەین:

یەكەم: گرنگی نەدانی جەنابی وەزیر بەدەیان هەزار دانەمەزراوی بەشە پزیشكییەكان و خۆبەخشەكان و  خۆدزینەوەی جەنابیان لەبابەتە گرنگەكانی وەزارەتی تەندروستی كە 77پەرلەمانتار 256 پرسیاریان لەوەزیر كردووە  لەوەڵامی 256 پرسیار كە جەنابی وەزیر دوو كاتژمێری خایاندووە تەنیا چل چركە ئاماژە بە دەیان هەزار دانەمەزراو كراوە؟؟  
ئێمە چاوەڕوان بووین وەزیری تەندروستی ڕوونكردنەوە و داوای لێبووردنی هەبێت لەو نادادپەروەرییەی لە سنوری سلێمانی كراوە بەوەی گرێبەستیان بۆ شوێنەكانی تر كردووە و سلێمانیان لێ بێبەش كردووە؟؟ چاوەڕێ بووین وەڵامدانەوەی هەبێت بۆ هەفتەیەك خۆپیشاندان و مانەوەمان لەسەر شەقام،، بەڵام لەقسەكانیدا بۆمان دەركەوت ئەم كەسە بە هیچ شێوەیەك هەست بەبەرپرسیارێتی ناكات و توانای نییە وەزارەتێكی گرنگی وەكو وەزارەتی تەندرستی بەڕێوەببات و بۆیە داوای دەستلەكاركێشانەوە لەجەنابیان دەكەین. 

دووەم: 77 پەرلەمانتار نزیكی 256 پرسیاریان لەوەزیر كردووە هیچیان ئاماژەیان بەكێشە سەرەكییەكەو گرنگەكە نەكردووە؟، با دەرمان هەبێت با بینا هەبێت؟ كە كارمەند نەبێت خزمەتی نەخۆش بكات بەچی ئەچێت؟؟ هەموویان لەبەر هەر هۆیەك بووە خۆیان لە بابەتە گرنگەكە لاداوە كە دامەزراندنە و ئاماژەیان بەو دەیان هەزار دانەمەزراو خۆبەخشە نەكردووە،، بۆیە گلەییمان لەسەرجەم پەرلەمانتاران هەیە كە نەیانتوانیووە نوێنەرایەتی ئێمە بكەن و كێشەكانی ئێمە بخەنە ڕوو.
لەم ساتەوەختەوە ئێمە هیچیان بەنوێنەری خۆمان نازانین و ئێمە چاوەڕوان بوین لێپرسینەوەی توند لە وەزیر بكرێت و ئاماژە بەناڕەزایی و گردبوونەوەكانمان بكرێت و  بەتایبەتیش عەیبەو شورەییەكی گەورەیە بۆ پەرلەمانتارانی سنوری سلێمانی كە نەیانتوانی و جورئەتیان نەبوو لەبەردەم وەزیردا لەسەر زوڵم و ستەمی ناوچەكەیان بەجواب بێن و بێ دەنگی و سەرشۆڕیان هەڵبژارد ...



AM:11:40:03/06/2022