وتەبێژی نەوەی نوێ: لە سەرۆكایەتی هەرێم بەشداری هیچ كۆبوونەوەیەك ناكەین



جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایدەگەیەنێت "لە سەرۆكایەتی هەرێم بەشداری هیچ كۆبوونەوەیەك ناكەین، چونكە سەرۆكی هەرێم جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانە و خۆی تەرەفێكە لە كێشەكان".

هیمداد شاهین، وتەبێژی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە فەیسبووكی خۆی رایگەیاندووە "سەبارەت بەو هەواڵەی كە سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردۆتەوە گوایە پارتی و یەكێتیی و لایەنە ئیسلامییەكان هەموویان كۆكن و بۆچوونیان لەوەدایە كە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لایەنەكان كۆبكاتەوە".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "ئێمە بە هەموو لایەكی رادەگەیەنین كە ئامادەی هیچ كۆبوونەوەیەك نابین لە سەرۆكایەتیی هەرێم، چونكە سەرۆكی هەرێم خۆی جێگری سەرۆكی پارتییە و بەشێكە لە قەیرانەكانی هەرێم و تەرەفێكە لە كێشەكانی هەرێم".

هەروەها وتویەتی "بۆیە جگە لە جێگا و شوێنێكی بێلایەن وەكو بارەگای نەتەوەیەكگرتووەكان یاخود هەر شوینێكی تری بێلایەن، وە بۆ رێكەوتنی كۆتایی نەبێت، ئەوا ئێمە بەشدار نابین".

لە دوو هەفتەی رابردوو نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەردانی شاری سلێمانی كرد و لەگەڵ لایەنەكان جگە لە نەوەی نوێ كۆبووەوە.



PM:08:07:04/06/2022