بەرهەم ساڵح لە حسابی خۆی ١٠٠ ملیۆن دینار دەدات بە خۆراک بۆ ئاسکی جۆری ریمە

بەرێوەبەری پەناگەی سروشتی لە پارێزگای موسەنا، ترکی جەیاشی رۆژی هەینی رایگەیاند کە بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق ١٠٠ ملیۆن دیناری عێراقی لە حسابی خۆی وەک دیاری ناردووە بۆ کڕینی خۆراک بۆ ئاسکی ریمە لە پەناگەکەیان.

 جیاشی بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاندووە" کەسێک لە ئۆفیسی سەرۆک کۆمارەوە سەردانی ئیدارەی پارێزگای موسەنای کردووەو ئەو ١٠٠ ملیۆن دینارەی وەک دیاری رادەستی بەرپرسانی پارێزگاکە کردووە بۆ پاراستنی ئاسکی ریمە کە لە پەناگەکەیاندا بەهۆی کەمی خۆراکەوە مەترسیان لەسەرەو ئەم بڕە پارەیەش بەشی ساڵێک لە خۆراکی ئەو ئاسکانە دەکات".

ئەوە لە کاتێکدایە کە دانیشتوانی سنوری پارێزگای سلێمانی سەدان کێشەیان هەیە، هەر لە نەبوونی پارەی پێویست لە چەند مانگی پێشوودا کە بەهۆی ئاپۆڕای خانەنشینانەوە چوار خانەنشین گیانیان لە دەستدا، ئەمە جگە لەوەی کە پارەی پێویست لەبەردەستدا نەبوو خۆڵ و خاشاکی شارەکە کۆبکرێتەوە، هاوکاتی زۆربەی رێگەو بانەکان بەهۆی خراپیەوە هەفتانە هاوڵاتیان تووشی رووداوی هاتوچۆ دەبن، بگرە رێگای سلێمانی – مێرگەپان کە ئۆفیسێکی سەرەکی سەرۆک کۆماری لێیە، رێگایەکی خراپ و بێ خزمەتە.



PM:09:59:04/06/2022