"پێویستە حکوومەتی عێراق بەردەوام بێ لە ناردنی بەشە بودجەی هەرێم"

‌وێنە.. ئەرشیف
کەمێک پێش ئێستا كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان كۆتایی هات و رایگەیاند" وەزارەتی دارایی هەرێم بەشێوەیەکی شەفاف سەرجەم داهات و خەرجییەکانی ساڵی رابردووی بۆ لیژنەی تایبەتی نێوان هەردوو چاودێری دارایی هەرێم و فیدراڵ ئاشکراکردووە". 

بەپێی ڕاگەیەنراوی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیران كۆبووەوە، لە کۆبونەوەکەدا ئەوە خرایەڕوو، وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم، تەرازووی پێداچوونەوەی لەسەر ئاستی سەرجەم یەکە ئیدارییەکانی خەرجیی بۆ تەواوی ساڵی 2021 بەشێوەیەکی شەفافانە پێشکەش بە لیژنە هاوبەشی تیمی چاودێری دارایی هاوبەشی هەرێمی کوردستان وعێراقی فیدراڵ كردووه‌.

ئەوەشی خستەڕوو، مانگانە حکومەتی فیدڕاڵی، بە پێی یاسای بودجەی فیدڕاڵ، پابەندییە داراییەکانی هەرێمی داشکاندووە لە شایستەکەی و لە بەرامبەردا، پێویستە حکومەتی فیدراڵی بەردەوام بێ لەسەر ناردنی بەشە بودجەی هەرێم.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم:

ئەمڕۆ یەکشەممە 5ی حوزەیرانی 2022 سەرپەرشتی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانمان کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران ئامادەی بوو، بەناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، پیرۆزباییمان لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد بە بۆنەی ( 47 )مین ساڵیادی دامەزراندنی و ئەنجامدانی دیداری یەکێتی و هیوای سەرکەوتنمان بۆ خواستن لە پێناو خزمەتکردنی گەلی کوردستان .

پاشان کورتەیەکمان دەربارەی بەشداری شاندی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندی ئابووری جیهانیی داڤۆس خستەڕوو کە لە ڕۆژانی 2022/5/26-22بەڕێوەچوو. ئاماژەمان بەوەدا کە لە دیدار و کۆبوونەوەکاندا، جەختمان لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی جیهان کردەوە، بە تایبەتی لە بواری ئابووری و وەبەرهێناندا. ڕوونیشمان کردەوە کە ئامانجی بەشداربوونی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەند و کۆنگرە نێودەوڵەتییەکاندا، گەیاندنی دەنگ و هەڵوێستی هەرێمە بە سەکۆ جیهانییەکان و پتەوکردنی پێگه‌ی حکومەتی هەرێمی کوردستانە وەک هاوبەشێکی هەرێمی و جیهانی.

لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا، بەڕێز خاليد هادی چاوشلی سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان، کۆنووسی کۆتایی تیمی چاودێری دارایی هاوبەشی هەرێمی کوردستان وعێراقی فیدرالی خستەڕوو کە لەبەر ڕۆشنایی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2021 ئەنجامیان داوە و لە کۆنووسە هاوبەشەکەدا، ئاماژە دراوە بەوەی کە وەزارەتی دارایی وئابووری هەرێمی کوردستان، تەرازووی پێداچوونەوەی لەسەر ئاستی سەرجەم یەکە ئیدارییەکانی خەرجیی بۆ تەواوی ساڵی 2021 بە شێوەیەکی شەفافانە پێشکەش بە لیژنە هاوبەشەکە کردووە کە بە ژمارە و زانیاری، داهات وخەرجییە گشتیەکانی هەرێمی تێدا خراوەتەڕوو، بە داهات و خەرجیی نەوتیی ونانەوتیشەوە، سەرەڕای خستنەڕووی میلاکی وەزیفی مەدەنی و سەربازیی لەسەر تاسەری هەرێم، ئەنجومەنی وەزیران، وێڕای دەستخۆشیی لە دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم، لە هەمانکاتدا وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد کە لە چوارچێوەی ئەو ڕاپۆرتە هاوبەشە و بە پشتبەستن بە ماف وشایستە داراییەکانی جێگیرکراو بە پێی دەستوور، بەدواداچوون بۆ بەدەستهێنانی شایستەکانی هەرێم بکەن و بۆ ئەو مەبەستەش، هەماهەنگيی لەگەڵ فراکسیۆنە کوردستانیەکان بکرێت لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ، پەرلەمانی کوردستانیش ڕۆڵی خۆی لەم بوارە بگێڕێت . لە کۆبونەوەکەدا ئەوەش خرایەڕوو، کە مانگانە حکومەتی فیدڕاڵیی، بە پێی یاسای بودجەی فیدڕاڵ ، پابەندییە داراییەکانی هەرێمی داشکاندووە لە شایستەکەی و لەبەرامبەردا، پێویستە حکومەتی فیدڕاڵی بەردەوام بێ لەسەر ناردنی بەشە بودجەی هەرێم.

بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوەکە، خستنەڕووی ڕاپۆرتێک بوو لە لایەن بەڕێز ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەبارەت بە دۆخی کەرتی گشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان و دیدگا و ستراتیجی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لە بواری پەرەپێدان و پێشخستنی کەرتی گەشتوگوزار. دواتر بەڕێز ئەمەل جەلال سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار، ئاماژەی بە وردەکاییەکانی ڕاپۆرتەکە کرد و چەندین ئامار و زانیاری دەربارەی کەرتی گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو.

جەختمان لەوە کردەوە، کە دەبێ زۆر گرنگی بە گەشتوگوزار بدرێت بە ئاراستەی زیاتر ناساندنی سروشتی جوان و گەشی کوردستان و ناساندنی کولتوور و ناسنامەی گەلی کوردستان و هەروەها لە ڕووی داراییشەوە، ببێتە یەکێک لە سەرچاوەکانی گرنگەکانی داهات.

باشان ئەنجومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ ڕاپۆرتی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و ڕاسپاردە و پێشنیار و ستراتیجی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ پەرەپێدانی کەرتی گەشتوگوزار پەسەند کرد.

لە بڕگەی کۆتایی کۆبوونەوەکە، ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای ( هەمواری یەکەمی یاسای پاراستن و چاککردنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان ) ژمارە ( 8 ) لە لایەن بەڕێز ڤالا فەرید وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان خرایەڕوو و لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە، بە کۆی دەنگ پەسەند کرا.


PM:05:50:05/06/2022