یەكێتی بەم مەرجە ئامادەیە دەستبەداری بەرهەم ساڵح بێت بۆ سەرۆك كۆمار


یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئامادەیە بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بكشێنێتەوە ئەگەر پارتی دیموكراتی كوردستان بە لەتیف رەشید، كاندیدی سەرۆك كۆمار رازی ببێت.

بەپێی زانیارییەكانی (سپی) كە لەسەرچاوەیەكی باڵای یەكێتییەوە دەستی كەوتوون، تائێستا یەكێتی و پارتی هیچ رێككەوتنێكیان بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق نەكردووە و ئەو پرسە لەنێوانیان بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە، سەرچاوەكە وتی "ئەگەر لەگەڵ پارتی لەسەر پاڵێوراوێكی تەوافوقیش رێك بكەوین زەرەرمانە، چونكە لە بنەڕەتدا ئەو پۆستە بەركەوتەی ئێمەیە و هی پارتی نییە".

سەبارەت بەوەی ئەگەر پارتی پێشنیاری كاندیدێكی دیكەیان بۆ بكات، جگە لە بەرهەم ساڵح، ئەوان رازی دەبن، سەرچاوەكەی یەكێتی وتی "ئەگەر بیرۆكەیەكی وا هەبێت كاندیدەكە هەر لە یەكێتی بێت و بەرهەم ساڵح نەبێت بۆ نموونە لەتیف رەشید بێت كە ئێستا خۆی كاندید كردووە، لەو باوەڕەدام پێی رازین، چونكە پێشتر پارتی وتبوویان راتان لەسەر لەتیف رەشید چییە؟، ئێمە رازی نەبووین، بەڵام ئەگەر ئەمجارە لەتیف رەشید پێشنیار بكەنەوە رازی دەبین".

ئەوەش لە كاتێكدایە تائێستا پارتی سوورە لەسەر كاندیدكردنی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێم بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، ئەمڕۆش رێبەر ئەحمەد لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، كە حیزبەكەی سوورە لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار.



PM:09:28:06/06/2022