رای حەلبوسی لەسەر دەستلەكاركێشانەوەی پەرلەمانتارانی سەدر


محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت "بەوپەڕی دوودڵییەوە داوای خوشك و براكانمان لە كوتلەی سەدری بۆ دەستلەكاركێشانەوە پەسەندكرد".

محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە بڕیارەكەی دەستلەكاركێشانەوەی پەرلەمانتارانی سەدر رایگەیاندووە "لەسەر خواستی سەماحەتی موقتەدا سەدر، بەوپەڕی دوودڵییەوە داوای خوشك و براكانمان لە كوتلەی سەدری بۆ دەستلەكاركێشانەوە پەسەندكرد، ئێمە دڵسۆزانە و راستگۆیانە هەوڵماندا، تا بەڕێزیان لەم هەنگاوە پاشەكشە بكەن، بەڵام ئەو پێی باش بوو قوربانی بێت نەك پەكخەر، لە پێناوی نیشمان و گەلدا سووربوو لەسەر بڕیارەكەی".

ئەمشەو موقتەدا سەدر سەرۆكی رەوتی سەرد فەرمانی بە پەرلەمانتارەكانی كرد نامەی دەستلەكاركێشانەوە پێشكەشی سەرۆكی پەرلەمان بكەن، ئەوانیش داواكەیان جێبەجێكرد و نامەكانیان رادەستی محەمەد حەلبوسی كرد، ئەویش رەزامەندی لەسەر دەستلەكاركێشانەوەكان دەربڕی.

فراكسیۆنی سەدر گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمانی عێراق كە لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق كە لە مانگی 10ی ساڵی رابردوو بەڕێوەچوو 73 كورسی لە كۆی 329 كورسی پەرلەمان بەدەستهێنا.



PM:09:30:12/06/2022