حەلبوسی گەیشتە ئەردەن


محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لەسەر بانگهێشتی سەرۆكی پەرلەمانی ئوردن، ئەمشەو بەرەو عەممانی پایتەختی ئەو وڵاتە بەڕێكەوت و لە چوارچێوەی سەردانەكەشیدا چاوی بە شا عەبدوڵای دوەم، پادشای ئوردن دەكەوێت.

نوسینگەی ڕاگەیاندنی محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بڵاویكردەوە، ئەمشەو محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەرلەمان بە یاوەری شاندێكی پەرلەمان بەرەو عەممانی پایتەختی ئوردن بەرێكەوت، سەردانەكەش لەسەر بانگهێشتی سەرۆكی پەرلەمانی ئوردن ئەنجام دەدرێت.

هەر بەپێی راگەیەنراوەكە، حەلبوسی لەلایەن عەبد كەریم دغمی، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئوردن بانگهێشت كراوە، هەروەها لە چوارچێوەی خشتەی سەردانەكەشی چاوی دەكەوێت بە شا عەبدوڵای دوەم، پادشای ئوردن و ژمارەیەك بەرپرسی ئەو وڵاتە.

سەردانەكەی محەمەد حەلبوسی بۆ ئوردن لەكاتێكدایە، ئەمشەو ناوبراو واژۆی لەسەر دەستلەكاركێشانەوەی سەرجەم پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی سەدر كرد و رایگەیاند، "لەسەر خواستی سەماحەتی موقتەدا سەدر، بەوپەڕی دودڵییەوە داوای خوشك و براكانمان لە كوتلەی سەدری بۆ دەستلەكاركێشانەوە پەسەندكرد، ئێمە دڵسۆزانەو راستگۆیانە هەوڵماندا، تا بەڕێزیان لەم هەنگاوە پاشەكشەبكەن، بەڵام ئەو پێی باش بو قوربانی بێت نەك پەكخەر، لە پێناوی نیشمان و گەلدا سوربو لەسەر بڕیارەكەی".




PM:11:28:12/06/2022