دادگای سلێمانی: ئەمڕۆ كەسوكاری تاریقی بەقاڵ سوكایەتی و تەشهیریان بە دادوەران كرد


سەرۆكایەتیی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی لەبارەی رووداوەكەی ئەمڕۆی دادگای سلێمانی رایدەگەیەنێت "كەسوكاری تاریقی بەقاڵ سوكایەتی و جنێو و تەشهیریان بە دادوەران و داواكاری گشتی و پۆلیس و پاسەوانەكان كردووە و پەلاماریان داون."  


دەقی روونكردنەوەكەی سەرۆكایەتیی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی  


جێگەی داخ و نیگەرانییە كە دوای ئەوەی ئەمڕۆ لەناو دادگای سلێمانی حاڵەتێكی نەخوازراو روویدا و گرتە ڤیدیۆیەكی كورت لە دەزگاكانی راگەیاندن و تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان بڵاو كراوەتەوە كە چەندین تۆمەت و چەواشەكاری و ناڕاستی تێوەئاڵێنراوە..  

 بۆیە بۆ هەموولایەكی روون دەكەینەوە كە دۆسیەی كوشتنی تارقی بەقاڵ لە دادگا كۆتایی هاتووە و بكوژەكانی حوكمدراون بە لەسێدارەدان و سزاكەشیان لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان پەسەند كراوە و دۆسیەكەیان رەوانەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان كراوە، وە جێبەجێی كردنی سزاكە پەیوەندی بە دادگاوە نییە و لە تایبەتمەندی دەسەڵاتی جێبەجێكردنە.  

ئەو دانیشتنەی ئەمڕۆی دادگا پەیوەندی بە بكوژەكانەوە نەبووە، بەڵكو دادگایی كەسێك كراوە كە دوای دزینی ئوتومبیلەكەی تاوانلێكراوی كڕیوەتەوە و بەتۆمەتی (حیازە اموال مسروقە) دادگایی دەكرێت و دادگاییش لەو دۆسیەیە بەردەوامە.  


هەر ئەمڕۆ دادگایی چەندین تاوانكار و تۆمەتبار لە دادگاكانی سلێمانی بەڕێوەچووە و كەسوكاری تاوانلێكراوان بەوپەڕی رێز و شكۆوە لە دادگا و دادوەر و دەسەڵاتی دادوەرییان روانیوە و پرۆسەكە بەشێوەیەكی یاسایی رێكوپێك بەڕێوەچووە.. بەپێچەوانەی كەسوكاری تاوانلێكراوی ناوبراو كە هەمیشە و لە هەموو دانیشتنێكی دادگادا پشێوییان ناوەتەوە و سوكایەتی و تەشهیر و بێڕێزی زۆریان بە دادوەران و داواكاری گشتی و پۆلیس و هەموو لایەك كردووە، بەڵام رەچاوی دڵگەرمییان و حاڵەتەكەیان كراوە و چاوپۆشییان لێكراوە، ئەمڕۆش سەرەڕای ئەوەی وەك هەموو جارێك سوكایەتی و جنێو و تەشهیریان بە دادوەران و داواكاری گشتی و پۆلیس و پاسەوانەكان كردووە و پەلاماریان داون، بەو كەرەستانەش لەبەردەستیان بووە ئازاری پۆلیس و پاسەوان و تەنانەت پارێزەریشیان داوە كە بەڤیدیۆ كۆی رووداوەكان بەردەستە و حەڵەتەكەی ئەمڕۆش كاردانەوەی ئەو رەفتارانەی ئەوان بووە.  
 

سەبارەت بە دەستگیردنیشیان، لەسەر سكاڵای پۆلیسەكان و بەپێی مادەی (٢٣٠)ی یاسای سزادان هەواڵەی دادگای لێكۆڵینەوە كراون و پاشان بە كەفالەت ئازاد كراون تا رۆژی دادگایی.  

ئەو حاڵەتی لێدانەش كە لە گرتە ڤیدیۆكەدا دەركەوتووە رەفتارێكی كەسییە و ئەو كەسە خۆی بەرپرسیارێتی هەڵدەگرێت و سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی پەسەندی ناكات بە نەخوازراوی دەزانێت و ئەو كەسەی ئازار دراوە دەتوانێت سكاڵا تۆمار بكات و دادگا ئیجرائاتی یاسایی پێویست دەگرێتە بەر، بەڵام ناكرێت حاڵەتەكە بگشتێنرێت بەسەر هەموو پۆلیس و پاسەوانەكانی دادگادا كە ئەركیان پاراستنی هێمنی و ئاسایشی هاووڵاتیان و شكۆی دادگایە.  
  

سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی   



PM:09:57:13/06/2022