پڕۆژەیەكی گەورە بۆ شاری سلێمانی جێبەجێ دەكرێت


بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی رایدەگەیەنێت، بە بڕی 5 ملیۆن و 500 هەزار دۆلار پڕۆژەیەكی گەورەی ئاو جێبەجێ دەكرێت و لەكۆتایی ئەم مانگەدا تەواو دەكرێت بەوەش كێشەی ئاو لە زۆربەی گەڕەكەكانی رۆژهەڵاتی سلێمانی چارسەر دەكات.

بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە، ئەمڕۆ لەگەڵ نوێنەری ڕێكخراوی جایكای یابانی كۆبونەوەتەوە سەبارەت بە پڕۆژەی پڕۆژەی ڕاكێشانی بۆری 600 ملیمەتری، بەئامادەبونی كۆمپانیای (ڕاوێژكار) خەگیب و عــەلەمی و كۆمپانیایی ڤۆڵتیك(جێبەجێكار).

ئاوی سلێمانی ئاماژەی بەوەكردووە "پڕۆژەی ڕاكێشانی بۆری 600 ملیمەتری یەكێكە لەپڕۆژە گرنگەكانی  بواری ئاو لەشاری سلێمانی بە گوژمەی نزیكەی 5 ملیۆن و 500 هەزار دۆلار جێبەجێ دەكرێت بەدرێژی 16 كیلۆمەتر لە تاسڵوجەوە بۆ دوڕیانی سەرچنار و زۆر لەگەڕەكەكانی ڕاپەڕین و گەڕەكەكانی خواروی ڕۆژهەڵاتی سلێمانی سودمەند دەبن".

بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی دەڵێت "لە ئێستادا لە 99%ـی كارەكانی تەواو بوە بڕیارە تا كۆتایی ئەم مانگە پڕۆژەكە تەواوبێت، بۆ ئەو پڕۆژەیەش ڕۆڵی بانكی نێودەوڵەتی یابانی (JICA)، وەزارەتی شارەوانی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو ئاوەڕۆو بەرز دەنرخێنن".



PM:09:58:14/06/2022