پۆلیسی راپەڕین باندێكی فێڵكردن دەستگیر دەكات


پۆلیسی راپەڕین رایدەگەیەنێت، باندێكیان دەستگیركردووە كە لەڕێگەی فێڵكردن و یانسیبەوە كاڵای ئەلكترۆنییان بەسەر هاوڵاتیان ساغكردۆتەوە.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین رایگەیاندووە "هێزەكانمان لە نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی پشدەر (مكافحە) بەهاوكاری پۆلیسی فریاكەوتن باندێكیان دەستگیركرد كە لەناو بازاڕی قەڵادزێ لە ڕێگەی ئۆتۆمبێلێك و ماتۆڕسكیلێكی 3 تەگەری بە بەكارهێنانی كاری یانسیب و فێڵكردن لە خەڵك كاڵای ئەلكترۆنیان بەسەر هاوڵاتیاندا ساغكردۆتەوە كە پێكهاتوون لە 3 كەس".  

هەر بەپێی راگەیەنراوەكە "دوای لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا دەركەوتووە لە ڕێگەی بەكارهێنانی نزیكەی 1000 كارتی یانسیب بۆ ساخكردنەوەی كاڵای ئەلكترۆنی بەسەر خەڵكدا بانگەشەی ئەوەیان كردووە ئەو كاڵایانەی نرخەكەی تا 35,000 هەزار دینار دەڕوات نیشانی خەڵكیان داوە وەك سەرنج ڕاكێشان بۆ كڕیاران دەردەچێت، بەڵام هیچ كام لە كاڵا بەنرخەكان لەنێو بلیتەكان نەنووسراون. كە هەر بلیتێكیان تەنها بە 1000 دینار فرۆشتووە، ئەوەش هەبووە ئەگەر كڕیارێك كارتێكی هەڵبژاردبێ و چانسی هەبوبێ ئامێرێكی بۆ دەرچووبێت نرخەكەی زۆر كەمتر بووە لە قیمەتی بلیتەكە".  

پۆلیسی راپەڕین وتویەتی  "ئەوەش بۆ لێكۆڵینەوە دەركەوتووە هەستاون بە دانانی جۆری ئەو كاڵایە لە ناو بلیتەكاندا كە نرخیان زۆر كەمترە و خۆیان تەنها بە 100 دینار بۆ 200 دینار كڕیویانه وە كەمترین هەلیش بۆ كڕیاران بەو نرخە كەمە دانراوە".  
  
پۆلیسی راپەڕین دەڵێت "هەر لە ئەنجامی لێكۆڵینەوە لەگەڵ باندەكە دەركەوتووە خەڵكێكی زۆر بیتاقەكەیان بە 1000 دیناری عێراقی كڕیوە، بەڵام بۆ زۆرترین كڕیار كاڵا كەم نرخەكان دەرچووە، لەكاتێكیشدا كاڵا زۆر بەنرخەكان هەرگیز لەناو بلیتەكاندا نەبوون وە بۆ كەسیش دەرنەچووە".  

هەروەها ئاماژەی بەوەكردووە "سەرجەم تۆمەتباران كە دانیشتووی دەرەوەی سنوری ئیدارەی ڕاپەڕینن بە بڕیاری دادوەر و بە ماددەی 456 لە یاسایی سزادانی عێراقی ڕاگیراون. دانیان ناوە بە تاوانەكەیان كە جگە لە شاری قەڵادزێ، پێشتر لە شوێنە جیاجیاكانی تری هەرێمی كوردستانیش ئەو جۆرە تاوانەی فێڵكردنەیان ئەنجامداوە".  

پۆلیسی راپەڕین روونیكردۆتەوە "دەستیش گیراوە بەسەر ئۆتۆمبیلی جۆری (پیك اب/ مازدا) و (ماتۆڕسكیلی/ 3 تەگەری) و 530000 دیناری عێراقی لەگەڵ نزیكەی 1000 بلیتی یانسیب كە لە ڕووداوی فێڵكردنەكە بەكارهاتوون. لێكۆڵینەوەش لەگەڵیاندا بەردەوامە".  



PM:11:16:14/06/2022