دوو دەروازەی سنووری دیکە لە نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا دەکرێنەوە

دوێنێ شاندێكی حكومه‌تی هه‌رێم، به‌ مه‌به‌ستی كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی توركیا لە ئه‌نقه‌رە زنجیرەیەك کۆبوونەوەیان ئەنجامدا، لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەبارەی کردنەوەی دوو دەروازەی سنووری نوێ لە نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا کرا. 

ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بە میدیاکانی پارتی ڕاگەیاند" لە تەوەری یەکەمی کۆبوونەوەکاندا چۆنێتی زیادکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان تاووتوێکرا و باس لە کێشەی کۆمپانیا تورکییەکان لە هەرێمی کوردستان کرا، هەروەها لایەنی تورکی بەڵێنی داوە هەموو ئاسانکارییەك بۆ بازرگان و کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان بکەن". 

وتیشی" لە تەوەری دووەمی گفتوگۆکاندا باس لە دروستکردنی هێڵی شەمەندەفەر کراوە، کە ئێستا لێکتێگەیشتنێکی گشتی لە نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان و لایەنی تورکی لەسەر ئەو بابەتە هەیە، هەروەها لەسەر دروستکردنی چەند گۆڕەپانێکی بازرگانی لەسەر سنوورەکان گفتوگۆ کراوە". 

ئەوەشی خستەڕوو، لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکان باس لە چۆنێتی کردنەوەی دەروازەی سنووری لە نێوان هەرێم و تورکیا کراوە، وەک دەروازەکانی زێت و سەرزێڕێ، دەرئەنجامی ئەم کۆبوونەوانە دەبەینەوە بەردەم سەرۆک وەزیران، ئەوەی پەیوەندیدار بێت بە ئەنجومەنی وەزیرانە بڕیاری پێویستی لەسەر دەدەین و لایەنی پەیوەندیدارەکانیش خۆیان لێرە بوونە، بۆئەوەی کار لەسەر بابەتەکانی دیکە بکەن. 

ڕوونیشیکردەوە، ئێمە وەک هەرێمی کوردستان ئامادەیی تەواومان هەیە بۆ کاراکردنی ئەم دەروازەیە، پارەی پێویستیش بۆ دروستکردنی تەرخان کراوە، لەدوای ئەم کۆبوونەوەیە دەچینەوە دیداری سەرۆکی حکومەت و ئەو بڕیارە لەوێوە دەدرێت، بەڵام بڕیاری بنەڕەتیمان ئەوەیە کە لە هەردوولاوە دەست بە جێبەجێکردنی ئەو دەروازەیە دەکرێت. 


AM:09:17:18/06/2022