وەزیری سامانە سروشتییەكان: لەماوەی هەفتەیەكدا ۳ ملیۆن لیتر بەنزین دەخرێتە بازاڕەوە



وەزیری سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێم بە وەكالەت رایدەگەیەنێت، لە سێ سەرچاوەوە بەنزین بۆ هاوڵاتیان دابین دەكرێت، بەڵام لەماوەی هەفتەیەكدا ۳ ملیۆن لیتر بەنزین دەخرێتە بازاڕەوە.

كەمال محەمەد ساڵح وەزیری كارەبا و وەزیری سامانە سروشتیەكان بە وەكالەت بە ماڵپەڕی فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستانی راگەیاندووە "خواستی بەكارهێنانی بەنزین لە هەرێمی كوردستان رۆژانە ٥-٦ملیۆن لیترە و وەزارەتیش لە سێ سەرچاوە بەنزین دابین دەكات،  ۱ ملیۆن لیتری لە پاڵاوتگەی (كار) و  یەك ملیۆن و ٥۰ هەزار لیتری دیكە بەپێی ڕێكەوتنێكی نێوان وەزارەتی سامانە سروشتیەكان و وەزارەتی نەوتی عێراق و ئەوی دیكە لە دەرەوەی هەرێم هاوردە دەكرێت، بەڵام ئەوەی تایبەتە بە عێراقەوە ٤٥ ڕۆژە ناردنی ئەو بەنزینە ڕاگیراوە،  نرخی جیهانیی بەنزینیش گران بووە و خواستی بەنزین لەعێراقیش زیاد بووە".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆك وەزیران و لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و كۆنترۆڵكردنی نرخی بەنزین،  ئەنجومەنی وەزیران دەسەڵاتی بە وەزارەتی سامانە سروشتیەكان داوە چەند بڕیارێكی گرنگ دەربكات، لەوانە دابینكردنی ۲ملیۆن لیتر بەنزین بۆ هەولێر و دهۆك و دابینكردنی زیاتر لە ۱ ملیۆن لیتر بەنزینی دیكە بۆ سلێمانی و هەڵەبجە و لەگەڵ كۆمپانیایەكیشدا ڕێككەوتووین كە ۲ تا ۳ ملیۆن لیتر بەنزینی دیكە دابین بكات. 

كەمال محەمەد وتویەتی "پێشبینی دەكرێت لەماوەی هەفتەیەكدا ۳ ملیۆن لیتر بەنزین بخرێتە بازاڕەوە، بۆ هەر لیترێكی بەنزین ۱۲۰۰ دینار لەسەر حكومەت دەكەوێت و ٤۰۰ دینار پاڵپشتی دەكرێت بۆ ئەوەی نرخەكەی بۆ ٨۰۰ دینار دابەزێت، بەمەش بۆ ۳ ملیۆن لیتر بەنزین ڕۆژانە ملیارێك و ۲۰۰ ملیۆن دینار پاڵپشتی حكومەتە بۆ نرخی بەنزین".



PM:08:03:18/06/2022