روونكردنەوەیەك لە وەزارەتی سامانە سروشتییەكانەوە


وەزارەتی سامانە سروشتییەكان رەتیدەكاتەوە لە كۆبوونەوەیان لەگەڵ لیژنەی سامانە سروشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان باس لەوەكرابێت كە دابینكردنی بەنزین و پاڵپشتیكردنی لەلایەن حكومەتەوە پەیوەند بەموچەوە هەبێت.

وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە روونكردنەوەیەكدا رایگەیاندووە، ئەمڕۆ كارەبا كەمال محەمەد، وەزیری كارەبا و وەزیری سامانە سروشتیەكان بەوەكالەت لەگەڵ سەرۆك و جێگری سەرۆك و ئەندامانی لێژنەی سامانە سروشتیەكان كۆبووەو بەتێروتەسەل باس لەهەنگاوەكانی وەزارەتی سامانە سروشتیەكان كرا كە بۆ كۆنترۆڵكردنی نرخی بەنزین و پاڵپشتی حكومەت گیراوەتەبەر.

وەزارەت ئاماژەی بەوەكردووە "بەداخەوە بەناوی وەزیرەوە لەهەندێك پەیج و ئەكاونتی ساختەوە هەواڵێكی هەڵپەسێردراو بڵاوكراوەتەوە كە دوورە لەراستییەوە، لەكاتێكدا لەكابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان (پاراستنی ئەمنیەت و موچەی هاوڵاتیان و خزمەتگوزارییەكان) لە ریزبەندی پێشەوەی بەرنامەو كارەكانی حكومەت دێت و دابینكردنی بەنزین و پاڵپشتیكردنی لەلایەن حكومەتەوە بەهیچ شێوەیەك پەیوەندیی بەموچەوە نییە و لەسەر حسابی فەرمانبەران بەهیچ شێوەیەك باسی پرسی موچە نەكراوەو ناكرێت".  



PM:07:29:19/06/2022