پەرلەمانی کوردستان لەبارەی هەموارکردنی یاسای نەوت و غاز کۆدەبێتەوە

لە نوسراوێکدا سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان بانگهێشتی ئەندامانی پەرلەمان دەکات بۆ کۆبوونەوە لە رۆژی چوارشەممەی ئەم هەفتەیە، لەبارەی چەند پرسێک گفتوگۆ دەکرێت. 

د. ڕێواز فایەق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان لە نوسراوێکدا ڕایگەیاندووە" بە پشتبەستن بە حوکمی بڕگەی سێیەم لە ماددەی ١٨ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان – عێراق، بانگهێشتی ئەندامانی پەرلەمان دەکەین بۆ دانیشتنی ژمارە حەوتی ئاسایی خولی بەهارەی ساڵی چوارەم، لە خولی هەڵبژاردنی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان - عێراق".

لە نوسراوەکەدا سەرۆکی پەرلەمان ئاماژەی بەوەشکردووە، کۆبونەوەکە رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٢ کاتژمێر ١٠:٠٠ی پێشنیوەڕۆ بەڕێوەدەچێت. 


به‌رنامه‌ی كاری په‌رله‌مانی كوردستان له‌ ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ به‌م شێوه‌ی خواره‌وه‌ ده‌بێت: 

یەكەم: خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م بۆ پێشنیازە یاسای (بەركاركردنی یاسای فیدراڵی واژۆی ئەلكترۆنی و مامەڵەی ئەلیكترۆنیەكان ژمارە (78)ی ساڵی 2012 لە هەرێمی كوردستان ـ عێراق)، به‌پێی حوكمی مادده‌كانی (87، 88، 89، 97) له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان.

دووەم: خوێندنەوەی یەكەم بۆ ئەم پڕۆژە یاسایانەی خوارەوە، پشت بەستن بە حوكمی بڕگەی (دووەم)ی ماددەی (78) و بڕگەی (یەكەم)ی ماددەی (83) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان.

پڕۆژە یاسای هەمواری یەكەمی یاسای پاراستن و چاككردنی ژینگە لە هەرێمی كوردستان ـ عێراق ژمارە (8)ی ساڵی 2008.

پڕۆژە یاسای هەمواری یەكەمی یاسای نەوت و گاز لە هەرێمی كوردستان ـ عێراق ژمارە (22)ی ساڵی 2007.

سێیەم: دەنگدان لەسەر ئەم پێشنیازە و پڕۆژە یاسایانەی خوارەوە به‌پێی حوكمی مادده‌كانی (90، 91، 93، 96) له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان:

پێشنیازە یاسای (هەمواری جێبەجێكردنی یاسای چاودێری نەوجەوانانی ژمارە (76)ی ساڵی 1983).

پڕۆژە یاسای (دەستەی متمانە بەخشین بە دامەزراوەكان و پڕۆگرامەكانی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە هەرێمی كوردستان ـ عێراق).
پڕۆژە یاسای (وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە هەرێمی كوردستان ـ عێراق).

پڕۆژە یاسای (بەركاركردنی یاسای گرتنی مایەی قاچاغ و قەدەغەكراوی ئاڵوگۆركردن لە بازارە نێوخۆییەكانی ژمارە (18)ی ساڵی 2008ی هەمواركراوی عێراقی فیدراڵ.

چوارەم: خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م بۆ پێشنیازە یاسای (گەشتوگوزار لە هەرێمی كوردستان ـ عێراق)، به‌پێی حوكمی مادده‌كانی (87، 88، 89، 97) له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان.

پێنجەم: خستنه‌ڕوو و گفتوگۆكردنی ڕاپۆرتی لیژنەی (ئاوەدانكردنەوە و وەبەرهێنان)‌ سه‌باره‌ت به‌ (هۆكاری وەستاندنی پڕۆژەكانی ڕێگاوبان و تەواونەكردنی یەكەكانی نیشتەجێبوون لەوادەی یاسایی دیاریكراوی خۆیاندا) بە ئامادەبوونی بەڕێز وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن، بەپێی حوكمی بڕگەی (یەكەم)ی ماددەی (66) لە پەیڕەوەی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان.

شەشەم: دەست لەكاركێشانەوەی ئەندامی پەرلەمان (كاروان عبدالرحمن عبدالله) لە ئەندامییەتی لیژنەی (پەیوەندیەكان و ڕەوەندی كوردستانی)، و (سەروان محمد علی) لە ئەندامییەتی لیژنەی ( كاروباری پەرلەمان و سكاڵا)ی پەرلەمانی كوردستان ـ عێڕاق.


PM:01:35:20/06/2022